مەسرور بارزانی: خەڵکی کوردستان هەرگیز رێگە نادات عێراق بگەڕێنرێتەوە سەردەمی دیکتاتۆری

11-03-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن مەسرور بارزانی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە پەیامێکدا رایگەیاند "خەڵکی کوردستان هەرگیز رێگە نادات مافەکانی پێشێل بکرێت و ستەم و زۆرداری لێ بکرێت و عێراق بگەڕێنرێتەوە بۆ سەردەمی دیکتاتۆری و تاکڕەوی."  
 
ئەمڕۆ (دووشەممە، 11-3-2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی 54ـەمین ساڵیادی رێککەوتننامەی یازدەی ئادار پەیامێکی بڵاوکردەوە، کە لە بەشێکیدا دەڵێ "جەخت لە پێویستی و گرنگیی پاراستن و رێزگرتن لە مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان دەکەینەوە."
 
54 ساڵ لەمەوبەر، بەعسییەکان تازە هاتبوونە سەر کار و حکومەتی ناوەندی خوازیاری رێککەوتن بوو لەگەڵ  سەرکردیەتیی شۆڕش. رێبەرایەتی شۆڕشی کوردستان بەسەرۆکایەتیی مستەفا بارزانی و حکومەتی ناوەندیش بەسەرۆکایەتی ئەحمەد حەسەن بەکری سەرۆککۆمار، گەیشتنە رێککەوتننامەی 11ـی ئازار. کورد لە چوارچێوەی عێراقدا، دانی پێدا نرا، بەڵام سنوورەکەی یەکلایی نەکرایەوە و هەڵگیرا بۆ کاتی راپرسی و سەرژمێری.
 
ئەم رێککەوتننامەیە کە بەرهەمی شۆڕشی ئەیلوول بوو، بۆ کورد پڕ بەها و مایەی خۆشحاڵی بوو، چونکە بۆ یەکەم جار لە مێژووی حکومڕانیی عێراق، لەژێر گوشاری پێشمەرگە و شۆڕشی کوردستان، داننرا بە مافە نەتەوەییەکانی.
 
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
 
ئەمڕۆ پەنجا و چوار ساڵ بە سەر ڕاگەیاندنی ڕێککەوتننامەی یازدەی ئاداری 1970 تێدەپەڕێت کە دەستکەوتێکی مێژوویی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو بەڕابەرایەتی بارزانیی نەمر. 
 
شۆڕش و خۆڕاگری و قوربانیدانەکانی گەلی كوردستان، حکومەتی ئەوکاتی عێراقی ناچار کرد دان بە بەشێک لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستاندا بنێت. بەتایبەتی رێککەوتن لە سەر هەموارکردنەوەی دەستووری کاتی و داننان بەوەی عێراق لە دوو نەتەوەی سەرەکی (عەرەب و کورد) پێکهاتووە و دەستووریش دان بە مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد دەنێت.
 
بەڵام دواجار رژێمی ئەو سەردەمەی عێراق، لە ڕێککەوتننامەکە پاشگەز بووەوە و پەنای بردەوە بۆ شەڕ و دژایەتیکردنی خەڵکی کوردستان و سەرەنجام عێراقی دووچاری ماڵوێرانی و کارەساتی گەورە کرد، کە تائێستاش خەڵکی عێراق، باجەکەی دەدەن. 
 
لەم یادەدا، جەخت لە پێویستی و گرنگیی پاراستن و ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان دەکەینەوە. خەڵکی کوردستان هەرگیز ڕێگەنادات مافەکانی پێشێل بکرێت و ستەم و زۆرداری لێ بکرێت و عێراق بگەڕێنرێتەوە بۆ سەردەمی دیکتاتۆری و تاکڕەوی.  
 
 
مەسرور بارزانی 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 
2024/3/11
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرنامەی بەرپرسیار.

بەرپرسیار؛ دانیشتووانی 20 گوندی سنووری باسرمەی هەولێر 13 ساڵە داوای چاککردنی رێگەکەیان دەکەن

رێگەی گڕاو لە سنووری ناحیەی باسرمەی هەولێر هاتووچۆی 20 گوندی لەسەرە، دانیشتووانەکەی 13 ساڵە داوای چاککردنی دەکەن. رێگەوبانی هەولێر دەرخستەیەکی بە گوژمەی نزیکەی دوو ملیار دینار دەرکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەچووەتە واری جێبەجێکردنەوە. بەڕێوەبەری ناحیەی باسرمە دەڵێت: "پێشینە بۆ رێگەی گڕاوە".