زارا محەممەدی دوای ئازادبوونی لە زیندان: داوای لێبووردنم نەکردووە و باوەڕم بەو رێگەیە هەیە هەڵمبژاردووە

11-02-2023
فواد حەقیقی
زارا محەممەدی دوای ئازادبوونی لە زیندان
زارا محەممەدی دوای ئازادبوونی لە زیندان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

زارا محەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی خەڵکی شاری سنە، کە لە گرتووخانەی ئەو شارە زیندانی بوو، شەوی رابردوو ئازاد کرا. زارا محەممەدی دوای ئازادبوونی گوتی، داوای لێبووردنی نەکردووە و باوەڕی بەو رێگەیە هەیە هەڵیبژاردووە. 
 
زارا محەممەدی شەوی، 10.02.2023، لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە هاوکات لەگەڵ ئازادبوونی لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری سنەدا تۆماری کردووە دەڵێت: "بەبێ ئاگاداریی خۆم، بنەماڵە، ئەندامانی رێکخراوی نۆژین و پارێزەرەکەم بەپەلە لە گرتووخانە دەرکرام، بێ ئەوەی خۆم یان پارێزەرەکەم داوای لێبووردنمان تۆمار کردبێت."
 
زارا محەممەدی گوتیشی: "پێشتر خۆم لە رێی پارێزەرەکەمەوە دەزگەی دادم ئاگادار کردبووەوە کە بەهیچ شێوەیەک داخوازیی لێبووردن پێشکێش ناکەم."
 
زارا محەممەدی پێداگری دەکات لەوەی کە "باوەڕم بە بیروڕا و رێگەکەی خۆم هەیە و تاوەکو کۆتایی ژیانم لەسەر بیروڕای خۆم دەبم."
 
لقی یەکی دادگەی شۆڕشی ئیسلامیی شاری سنە رۆژی، 16.02.2020، بە تۆمەتی "پیکهێنانی گرووپ و کۆمەڵە بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی" زارا محەممەدی بە 10 ساڵ زیندان سزادا، بەڵام دادگەی پێداچوونەوەی پارێزگای سنە حوکمەکەی بۆ 5 ساڵ کەمکردەوە.
 
زارا محەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی و بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی کولتووری نۆژین، رۆژی 08.01.2022 بۆ تەواوکردنی 5 ساڵ حوکمەکەی چووە زیندان.
 
دادگەی شۆڕشی شاری سنە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانی داوەتە پاڵ زارا محەممەدی، بەڵام ئەو خۆی دەڵێت، تەنیا بە تۆمەتی فێرکردنی زمانی کوردی ئەو حوکمەیان بەسەردا سەپاندووە.
 
زارا محەممەدی، بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی ئەدەبی نۆژین بوو. ئەم رێکخراوە زیاتر لە بواری فێرکردنی زمانی کوردی، کولتوور و یارمەتیدانی خەڵکی لێقەومادا چالاکە. ئەو ئەنجوومەنە مۆڵەتی فەرمی وەزارەتی ناوخۆی ئێرانی هەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی گشتیی شاری دهۆک. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

8 کریستیان لەسەر کورسییەکەى کۆتاى دهۆک لە پەرلەمانی کوردستان رکابەری دەکەن

8 بەربژێرى کریستیان بۆ رکابەرى لەسەر تاکە کورسییەکەی کۆتاى ئەو پێکهاتەیە لە دهۆک ناوى خۆیان تۆمار کردووە. 6 بەربژێرى دیکە لەو پارێزگایە وەکو سەربەخۆ بۆ کورسیى گشتیى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ناویان لە کۆمیسیۆن تۆمارکردووە.