سەرۆک بارزانی لەبارەی پێکهاتەکان: پێویستە رێگە بدرێت خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن

10-12-2023
هەڵات رێبوار
نیشانەکردن پێکهاتەکان سەرۆک بارزانی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک بارزانی لەبارەی پێکهاتەکان رایگەیاند "پێویستە رێگە بەوە بدرێت خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و هیچ چوارچێوەیەكی دیاریكراو بەسەریاندا نەسەپێندرێت."
 
بارەگای بارزانی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 10-12-2023) راگەیێندراوێکی لەبارەی "تێڕوانینی" سەرۆک بارزانی سەبارەت بە بابەتی میكانیزمی دابەشكردنی كورسیی پێكهاتەكان لە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان و بوونی هەندێ هەوڵ بۆ گۆڕین و دەستكاریكردنی كورسی و مافەكانی پێكهاتەكان و چۆنیەتیی بەشدارییان لە هەڵبژاردن، بڵاوکردەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەی بارەگای بارزانیدا هاتووە "تێڕوانینی سەرۆك بارزانی بەمشێوەیەیە: پێویستە رێگە بەوە بدرێت پێكهاتەكان خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و هیچ چوارچێوەیەكی دیاریكراو بەسەریاندا نەسەپێندرێت. پێكهاتەكان بەشێكی ئازیز و گرنگی كۆمەڵگەی كوردستانین و نابێ ئیستحقاق و مافەكانیان تێكەڵی هیچ بەرژەوەندییەكی سیاسی و نادادپەروەرانە بكرێت."
 
گوتەکانی سەرۆک بارزانی لەکاتێکدان؛ بڕیارە 27ـی ئەم مانگە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیار لەسەر دوو سکاڵا بدات، کە لەدژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە دادگەکە تۆمارکراون و بەهۆیانەوە ئەگەر هەیە شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بکرێتە فرەبازنەیی و کورسی کۆتاکانیش بەسەر بازنەکان دابەش بکرێت.
 
ئەم ئەگەرە وایکرد دوێنێ (شەممە، 9-12-2023) پێکهاتەکان لە ماڵی تورکمانی لە هەولێر کۆببنەوە؛ 20 لایەنی پێکهاتەی تورکمان و 12لایەنی کلدان، سریان و ئاشووری لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوون تاوەکو گەنگەشەی چۆنیەتی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستاندا بکەن و فرەبازنەییان رەتکردەوە.
 
هەروەها رۆژی یەکشەممە، 03-12-2023، ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی سکاڵاکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا داوای لە دادگەکە کرد رەتیبکاتەوە. ئەو، کە پێیوایە مەسەلەی کۆتا بەسیاسیی کراوە و هەندێک لایەن دەستوەردان لە کاروباری پێکهاتەکاندا دەکەن، گوتیشی ''پێکهاتەکان لایەنێک نین لە کێشە سیاسییەکان و هیچ کاتێکیش نامانەوێت لایەنێک بن لە کێشەکاندا.''
 
سکاڵاکان لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمان و ئامانج نەجیب شەمعوون، سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەینی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمار کراون، کە پەیوەندییان بە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان، کورسیی کۆتاکان، تۆماری دەنگدەران و بازنەکانی هەڵبژاردنەوە هەیە.
 
بڕیارە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات، کە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە، رۆژی 25-02-2024 دیاریکراوە.
 
کۆمیسیۆن پێشنیاز دەکات 11 کورسییەکەی کۆتای پێکهاتەکانی پەرلەمانی کوردستان بە پشتبەستن بە یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دابەش بن بەسەر سلێمانی (4 کورسی)، هەولێر (4 کورسی) و دهۆک (3 کورسی). وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان دابەشکردنی ئەو 11 کورسییە بە کارێکی ''هەڵە'' ناو دەبات و دەڵێت، ''لەگەل ئەوەداین بە یەک بازنە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەشداربین.''
 
پەرلەمانی کوردستان 111 کورسی هەیە؛ 11ـیان کورسیی پێکهاتەکانن. پێشتر یەکێتی، پارتی، گۆڕان و پێکهاتەکان چەندین کۆبوونەوەیان کرد و نەگەیشتن بەرێگەچارە بۆ ئەو 11 کورسییە کە پێکهاتەکان دەڵێن، نابێت لایەنەکانی دیکە دەستوەردان لە کاروباریاندا بکەن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە