گالەری

دوێنێ کاژێر 05:54
13 Photos
بڵند تاهیر
بڵند تاهیر @Bilindtahir
رووداو دیجیتاڵ 

زیاتر لە سێ مانگە رۆژانە نزیکەی 100 وەستا و کرێکار لەو بەشەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر کاردەکەن، کە رۆژی 5ـی ئایار سووتا، کارەکەیان لەسەرخۆ بەردەوامە و رۆژ دوای رۆژیش نرخی دووکانەکان بەرزتر دەبێتەوە. 

 

 بەشێک لە خاوەن دووکانە سووتاوەکان، ئەوانەی قسەیان بۆ رووداو کرد، دەڵێن جگە لەوەی بەشێکی دووکانەکان نرخیان زۆر بەرزبووەتەوە، خواستیش لەسەریان زۆر بووە.

 
شێرزاد موحسین، یەکێکە لە دووکاندارەکان و گوتی "کارەکانی نۆژەنکردنەوەی دووکانە سووتاوەکان زۆر بەباشی دەڕۆن، نرخی دووکانەکانمان بەپێی شوێنەکانیان زۆر بەرزبووەتە."
 
شێرزاد هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی دووکانەکان و خواست لەسەریان بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە "پێش سووتانی بازاڕەکە، ئەو بەشەی ئێمە، سیمایەکی کۆنی هەبوو و جموجۆڵی زۆر کەمیشی لەسەر بوو، بەڵام خەڵک و دووکاندارانیش دەبینن، کە بە شێوازێکی جوان نۆژەندەکرێتەوە و دوای کردنەوەشی چاوەڕوان دەکرێت سەرنجی خەڵک رابکێشێت و قەرەباڵخ بێت، بۆیە نرخەکان بەرزبوونەتەوە."
 
بە گوتەی ئەو دووکاندارە، پێش سووتانی بازاڕەکە ئەو شوێنەی ئەوان لێی بوون، دووکانی بە نزیکەی 20 هەزار دۆلار بووە، بەڵام ئێستا بۆ 70 هەزار دۆلار بەرزبووەتەوە. هەروەها دەڵێ "بەگشتی 10 هەزار دۆلار چووەتە سەر نرخی دووکانەکان و هەندێکیشیان نرخیان دووهێندە بەرزبووەتەوە."
 
کاژێر 09:30ـی شەوی دووشەممە 5ـی ئایار، ئاگر لە بازاڕی قەیسەریی شاری هەولێر کەوتەوە و بەگوێرەی راگەیێندراوی پارێزگای هەولێر، لە کۆی 4000 دووکانی نێو بازاڕەکە، 227ـیان سووتان، یان زیانیان بەرکەوت.
 
بازاڕی قەیسەریی هەولێر لەسەر رووبەری 50 هەزار مەتر چوارگۆشە بنیاتنراوە و تەمەنی زیاتر لە 200 ساڵە، لەبەردەم قەڵای هەولێرە و دەکەوێتە جەرگەی شارەکە.