رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردە لە راگەیێندراوێکدا هەموو پەروەردەکان ئاگادار دەکاتەوە، کە 15ـی ئایار یەکەم تاقیکردنەوەی نیشتمانیی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی دەستپێدەکات. بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی دەڵێت، "ئەگەر قوتابی لە هەموو وانەکانیش کەوتبێت، دەتوانێت بەشداری لە تاقیکردنەوەکاندا بکات."
رۆژی پێنجشەممە، 10ـی نیسانی 2025، نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاقیکردنەوەکانی نیشتمانیی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی لە 15ـی ئایارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 26ـی ئایار، هەفتەی سێ رۆژ لە کاژێر 08:00ـی بەیانی تاقیکردنەوەکان دەکرێن."
وەکو بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی دەڵێت، "ئەم تاقیکردنەوانە هەڵبژاردنن و 50 پرسیارن و پرسیاری لەسەر دوو نمرەیە، کە کۆنمرەی 60ـی ساڵانە لەسەر ئەم تاقیکردنەوەیە هەژمار دەکرێت، 40ـی دیکەش کۆششی رۆژانەی قوتابییە لە سەرەتای ساڵەوە، بە کۆی هەردووکیان کۆنمرەی 100 دەردەچێت."
تاقیکردنەوەی خولی دووەمی نیشتمانیی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی، 19ـی حوزەیرانی 2025 دەستپێدەکات تاوەکو 30ـی هەمان مانگ. بە گوتەی نەژاد عەبدوڵڵا، "ئەم تاقیکردنەوانە نیشتمانین، ئەگەر قوتابییەک پێش تاقیکردنەوەی خولی یەکەم لە هەموو وانەکانیش کەوتبێت، دەتوانێت بەشداری تاقیکردنەوەکان بکات."
لەبارەی گزییەوە بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی دەڵێت، "لە خولی یەکەمدا هەر قوتابییەک گزی بکات، لەو وانەیە بە کەوتوو هەژمار دەکرێت و دەکەوێتە خولی دووەم، بەڵام ئەگەر لە خولی دووەم قوتابی گزی بکات لە وانەیەک، ئەوکات لە هەموو وانەکان بە کەوتوو هەژمار دەکرێت و پێویستە ساڵی داهاتوو لە هەمان قۆناخ درێژە بە خوێندن بدات."
وەزارەتی پەروەردە لە راگەیێندراوێکدا خشتەی تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەمی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی بۆ هەموو پەروەردەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، گەرمیان، راپەڕین، زاخۆ و سۆران گشتاندووە، بە مەبەستی ئاگاداربوون لە کاتی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان و ئامادەکاری.
خشتەکە بەم شێوەیەیە:
رۆژی پێنجشەممە، 15ـی ئایاری 2025 تاقیکردنەوەی؛ زانست بۆ هەمووان
رۆژی شەممە، 17ـی ئایاری 2025 تاقیکردنەوەی؛ زمان و ئەدەبی کوردی
رۆژی دووشەممە، 19ـی ئایاری 2025، تاقیکردنەوەی؛ ئایین و زمانی عەرەبی
رۆژی چوارشەممە، 21ـی ئایاری 2025، تاقیکردنەوەی؛ کۆمەڵایەتی
رۆژی پێنجشەممە، 22ـی ئایاری 2025، تاقیکردنەوەی؛ زمانی تورکی و سریانی
رۆژی شەممە، 24ـی ئایاری 2025، تاقیکردنەوەی؛ بیرکاری
رۆژی دووشەممە، 26ـی ئایاری 2025، تاقیکردنەوەی؛ زمانی ئینگلیزی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ