رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری رێگەوبانی دهۆک دەڵێت، لیژنەیەکیان پێکهێناوە بەدواداچوون دەکات بۆ ئەو کەسانەی زەوییەکانیان بەر پڕۆژەی رێگەی دهۆک- باعەدرێ دەکەوێت، بۆ ئەوەی قەرەبوو بکرێنەوە.
رۆژی دووشەممە، 10-03-2025، خەدیجە محەممەد، بەڕێوەبەری رێگەوبانی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو لیژنەیەی پێکهێندراوە تایبەتە بە قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی زەوییەکانیان دەکەوێتە سەر رێگەی دووسایدی دهۆک- باعەدرێ. گوتیشی، بەپێی رێنماییەکان، قەرەبووی کەسانی شایستە دەکرێتەوە.
لیژنەکە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی دهۆکی تێدایە. بەڕێوەبەری رێگەوبانی دهۆک دەڵێت: "ئەو زەوییانە دەستنیشان دەکرێت کە دەکەونە بەر پڕۆژەکە، دواتر هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت جۆری زەوییەکە چییە، بەپێی رێنماییەکان قەرەبووی خاوەنەکانیان دەکرێتەوە."
ژمارەیەک دووکانیش لەسەر رێگە هەن و لادەبرێن، چونکە وەکو بەڕێوەبەری رێگەوبانی دهۆک باسی کرد، "کاتی خۆی کە دووکانەکان دروستکراون، بەڵێننامەیان لێ وەرگیراوە، هەرکاتێک پێویست بکات، حکومەت دەتوانێت دووکانەکان لاببات."
پڕۆژەی دووسایدی دهۆک- باعەدرێ لە حوزەیرانی پار بەردی بناخەی دانرا. درێژیی رێگەکە 26 کیلۆمەترە و 7 ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاسی تێدایە. بەگوتەی خەدیجە محەممەد، 32٪ـی پڕۆژەکە تەواو بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ