رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکەیان لە سنووری مەریوان لە پارێزگای سنە، کۆڵبەرێک گیانی لەدەستدا و دوو کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.
شەوی رابردوو هێزە سەربازییەکانی ئێران لەنزیک گوندی کۆڵان، سەر بە شاری مەریوان، کەوتنە شوێن ئۆتۆمبێلێکی تایبەت بە گواستنەوەی کۆڵبەران و ئۆتۆمبیلەکە وەرگەڕا.
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکان، لەو رووداوەدا شۆفێری ئۆتۆمبیلەکە بەناوی ئارام مەنوچەری، دانیشتووی مەریوان، گیانی لەدەستداوە و دوو کۆڵبەریش بریندار بوون.
بەپێی راپۆرتی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، لە یەک مانگی رابردوودا کۆڵبەرێکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچە سنوورییەکان لە سەرمادا رەق بووەتەوە، چوار کۆڵبەری دیکەش لە ئەنجامی تەقەکردن لێیان کوژراون.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا، لە ساڵی 2023دا 37 کۆڵبەری خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لەدەستداوە و کوژراون و 320 کەسی دیکەش بە هۆکاری جیاواز بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ