تەندروستیی سلێمانی: بەشێک لە هاونیشتمانیان پابەندی رێنماییەکانمان نین

10-03-2020
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن ڤایرۆسی کۆرۆنا
A+ A-
 
رووداو - هەولێر

لە دوو راگەیێندراوی جیاوازدا هەریەکە لە داواکاری گشتیی سلێمانی و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی داوا لە هاونیشتمانیانی شارەکە دەکەن کە پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن، داواکاری گشتی دەڵێ "هەرکەس پابەندنەبێ رێکاری یاسایی تووند بەرامبەری دەگرینەبەر".
 
داواکاری گشتیی سلێمانی رایگەیاندووە "هەر کەسێک پابەند نەبێت بە رێنماییە تەندروستییەکانەوە و ببێتە هۆی مەترسی بۆسەر ژیانی خەڵک، ئەوا رێکاری یاسایی تووند بەرامبەری دەگرینەبەر".
 
لەبارەی بڵاوکردنەوەی زانیاری و رێنمایی بەدەر لەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی، داواکاری گشتیی شارەکە ئاماژەی بەوە کردووە "هەر دەزگایەکی راگەیاندن (بینراو، بیستراو و نووسراو) زانیاری و رێنمایی تەندروستی بەدەر لەوانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانییەوە بڵاودەکرێنەوە، بڵاوبکاتەوە، رێکاری تووند بەرامبەری دەگرینەبەر".
 
هاوکات بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی چەند داواکارییەکی ئاراستەی دانیشتووانی شارەکە کردووە، بەم شێوەیە:
 
1- داوا لە دانیشتووانی شاری سلێمانی و دەوروبەری دەکەین پابەندبن بە رێنماییە تەندروستییەکانەوە.
 
2- ئەگەر دانیشتووانی شاری سلێمانی و دەوروبەری پابەندنەبن بە رێنماییە تەندروستییەکانەوە، ئەوا ئێمە توانای کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنامان نییە.
 
3- تاوەکو ئێستا بەشێک لە هاونیشتمانیان پابەندی رێنماییەکانی ئێمە نین.
 
4- داوادەکەین پرسە لەناو ماڵانیش رابگیرێت، چونکە ئەگەری بڵاوبوونەوەی پەتاکە زۆر زۆر زیاد دەکات.
 
5- هەر کۆڕ و کۆبوونەوەیەک کە زیانی بۆسەر تەندروستیی هاونیشتمانیان هەبێت، ناچاردەبین لە رێگەی هێزە ئەمنییەکانەوە بڵاوەی پێبکەین.
 
ئەمەش لەکاتێکدایە کە لە هەرێمی کوردستان ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تاوەکو ئێستا گەیشتووەتە 16 کەس، یەکێکیان گیانی لەدەستداوە و یەکێکیشیان چاکبووەتەوە. وەزیری تەندروستیش دەڵێت، 14 تووشبووەکەی دیکە تەندروستییان زۆر باشە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە