لە ئەڵمانیا زیاتر لە 100 هەزار یۆرۆ بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی باکوور و رۆژئاوای کوردستان کۆکراوەتەوە

10-02-2023
سه‌نگه‌ر ستار
نیشانەکردن دیاسپۆرا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

تاوەکو ئێستا لە ئەڵمانیا زیاتر لە 100 هەزار یۆرۆ بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی باکوور و رۆژئاوای کوردستان کۆکراوەتەوە. 
 
سێئال حەسەن لە جڤاکی کوردی لە ئەڵمانیا کە خۆیشی خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە، کەمپەینێکیان بۆ لێقەوماوانی رۆژئاوای کوردستان لە ئەوروپا راگەیاندووە و میوانی بەرنامەی دیاسپۆرابوو، رایگەیاند، بەداخەوە رۆژئاوا ئەمڕۆ بێ کەسە و تەنیا خۆی ئازارەکانی دەکێشێت، گوتی "نەبوونی پەیوەندی بە کەسوکارمان لە رۆژئاوای کوردستان گەورەترین کێشەیە و بە زەحمەت دەتوانین بزانین کەسوکارمان لەوێ لە چ بارودۆخێکدان و تەنانەت ناتوانین بزانین چەند کەس گیانیان لەدەستداوە، هەندێکجار ناچارین لە رێگەی سۆسیال میدیاوە رایبگەیێنین ئایە فلانە کەس ماوە یان نا".
 
سێئال حەسەن سەبارەت بە هاوکارییەکان گوتی، لە رێگەی کۆمپانیایەکەیەوە ژمارەی بانکییان راگەیاندووە و "تائێستا زیاتر لە 100 هەزار یۆرۆمان بۆ لێقەوماوانی رۆژئاوا و باکووری کوردستان کۆکردووەتەوە، نزیکەی 90%ی هاوکارییەکانیش لە ئەڵمانیا کۆکراونەتەوە و دەمانەوێت بڕەکە بگەیێنینە 500 هەزار یۆرۆ."

 

 
سێئال حەسەن ئاشکرایکرد، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەیسبووک، ئینستاگرام بانگەوازمان بۆ هاوکارییەکان کردووە، گوتیشی" ئاگادارین کە دەزگەی خێرخوازی بارزانی هاوکارییەکانیان گەیاندووەتە رۆژئاوای کوردستان و هەوڵدەدەین پەیوەندیان لەگەڵ دروستبکەین و هاوکارییەکانمان لە رێگەی ئەوان و هەروەها پارتە سیاسییەکان بگەییێنین بە لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە".
 
شاهین کورکوتیش یەکێکە لە چالاکڤانەکان لە جڤاکی کوردی راین و زیگبورگ کە خۆیشی خەڵکی باکووری کوردستانە. ئەوانیش کەمپەینێکی گەورەیان پێکهێناوە بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان و لەبارەی چۆنیەتی کۆکردنەوەی هەناردنی کۆمەکەکانیان گوتی "هاوکارییەکان بەشێوەیەکی باش کۆدەکرێنەوە، بەڵام ئێمە نازانین لەوێ چۆن دابەشدەکرێن، بۆیە بڕیارماندا خۆمان هاوکارییەکان بگەیێنین بەو کەسانەی کە متمانەمان پپێیان هەیە، ئێمە رۆژانە پەیوەندی بە کەسوکارمان لە باکوور دەکەین، پێمان دەڵێن هاوکارییەکان پێمان نەگەیشتوون، بەتایبەتی گوندەکان هیچ هاوکارییەکیان پێنەگەیشتوون."
 
شاهین کورکوت روونیکردەوە، ئەمڕۆ هاوکارییەکانیان گەیاندە سەمسوور و هەوڵدەدەن بگەیێنین بە هەموو شارە زیانلێکەوتووەکان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە