خەڵاتی ساڵانەی زارا محەممەدی رادەگەیێندرێت

10-01-2022
ناسر پیرۆتی
نیشانەکردن زارا محەممەدی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دامەزراوەی کوردشۆپ کە کار لەسەر پەرەپێدان و گەشەی زمانی کوردی دەکات، رایدەگەیێنێت، ساڵانە لە ساڵیادی زیندانیکردنی زارا محەممەدی، مامۆستای زمانی کوردیدا خەڵاتێک بەناوی زارا دابەشدەکات.
 
دامەزراوەی کوردشۆپ لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی سزادان و زیندانیکردنی زارا محەممەدی دەکات و دەڵێت، "سزادانی زارا سەلماندنی بەردەوامبوونی دەسەڵاتدارانی ئێرانە لەسەر سیاسەتی تواندنەوەی نەتەوەی کورد".
 
ئەو دامەزراوە ئاماژەی بەوەش داوە، "لە 100 ساڵی رابردوودا دەسەڵاتدارانی ئێران هەوڵی لەنێوبردنی زمانی کوردییان داوە، بەڵام بە هەوڵی دڵسۆزان و وانەبێژان، زمانی کوردی رۆژ لەدوای رۆژ گەشەیکردووە و وەکو سەرەکیترین پێناسەی شوناسی نەتەوەیی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، چووەتە ناخی کۆمەڵگەوە".
 
دامەزراوەی کوردشۆپ باسی لەوەش کردووە، خاوەندارێتی لە زارا محەممەدی دەکەن و لەمەودوا ساڵانە لە 8ی کانوونی دووەمی ساڵی زایینیدا خەڵاتێک بەناوی زارا دەبەخشێت بە باشترین مامۆستای وانەبێژ و چالاکڤانی زمانی کوردی. ئەو دامەزراوەیە دەشڵێت، بەو کارە "یادی زارا محەممەدی دەکەنە هێما و سیمبولی خەبات دژی تواندنەوەی زمانی کوردی".
 
وڵات قادری، بەڕێوەبەری دامەزراوەی کوردشۆپ لەبارەی دابەشکردنی خەڵاتەکە ئەمڕۆ دووشەممە 10-01-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا دیارینەکراوە خەڵاتەکە چی دەبێت و دیزاینەکەشی نەکراوە، بەڵام لیژنەیەکیان لە شارەزایان پێکهێناوە و 8ی مانگی یەکی ساڵی 2023 لە رێوڕەسمێکدا یەکەم خەڵاتی زارا دابەشدەکەن.
 
وڵات قادری ئاماژە بەوش دەکات، ساڵانە چەندین کەس دیاریدەکرێن کە کاریان لەسەر گەشەپێدانی زمانی کوردی کردبێت و لەنێو ئەو کەسانەدا یەکێک وەکو براوەی خەڵاتەکە هەڵدەبژێردرێت و دەشڵێت، "مەرج نییە ئەو کەسەی خەڵاتەکەی پێدەدرێت تەنیا لە رۆژهەڵاتی کوردستان بێت، بەڵکو دەکرێت لە پارچەکانی دیکەی کوردستان یان لە هەر شوێنێک بێت؛ گرنگ ئەوەیە کاری لەسەر پەرەپێدانی زمانی کوردی کردبێت".
 
دامەزراوەی کوردشۆپ نەورۆزی 2021 دامەزراوە؛ کۆمەڵێک چالاکڤانی کولتووری و ئەدەبیی گەنج بەڕێوەی دەبەن و کار لەسەر پەرەپێدانی کولتووری و گەشەی زمانی کوردی دەکەن.
 
دامەزراوەی کوردشۆپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پەیج و ئەکاونتی تایبەت بە خۆیان هەیە و یەک لە کارەکانیان دانانی کۆرسی ئۆنلاینە بۆ فێرکردنی زمانی کوردی بە شێوەزارەکانی سۆرانی و کورمانجی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە