رووداو دیجیتاڵ
رووداوێکی هاتووچۆ لە نزیک شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان بووە هۆی گیانلەدەستدانی سێکەس و برینداربوونی دوو کەسی دیکە.
رووداوەکە ئێوارەی دوێنێ (یەکشەممە، 8-12-2024) لەنێوان دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت لە جۆرەکانی پراید و پیژۆ پارس، لەسەر رێگەی سەرەکیی سنە-هەمەدان روویدا. حەمیدڕەزا عەبدولمەلکی، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای سنە رایگەیاند، هەردوو شۆفێر و سەرنشینێکی پرایدەکە گیانیان لەدەستداوە.
بەگوتەی حەمیدڕەزا عەبدولمەلکی، دوای دەرهێنانەوەیان و وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی، هەردوو بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
گوتیشی، هۆکاری سەرەکیی رووداوەکە، تیژڕۆیی یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان بووە کە بووەتە هۆی پێکدادانی نێوانیان.
بەگوێرەی راپۆرتێکی پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە سەرەتای نەورۆزەوە تاوەکو 21-11-2024، لانیکەم 35 کەس لە سنووری پارێزگاکە، بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ