رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، ناسنامهی چوار گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئاشكرا دهكات كه لە شهڕ و پێكدادان له دژی سوپای تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە.
رۆژی 9ـی تشرینی دووەمی 2023، ناوەندی راگەیاندن و چاپهمهنیی هێزەکانی پاراستنی گەل، ناسنامەی گەریلاکانی بڵاوکردەوە کە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ - قوفڵ گیانیان لەدەستداوە.
ناسنامەی گەریلاکان بەمشێوەیەن؛ سەباحەت گونەش ناسراو بە کۆچەرین رۆژین لەدایکبووی شرنەخ، عومەر کولتەر ناسراو بە بۆتان جودی لەدایکبووی شرنەخ، محەممەد ئەزنەب ناسراو بە رێناس ساسۆن لەدایکبووی ماکۆ و ئیبراهیم خەلیل یەشیلدەنیز ناسراو بە شەڤگەر ئامەد لەدایکبووی ئامەد.
رۆژی 7ـی تشرینی دووەمی 2023 وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو)، بۆردوومانکردنی 15 پێگەی پەکەکەی لە ناوچەکانی مەتین، گارە، ئاڤاشین، خواکوڕک و قەندیل بڵاوکردەوە و گیانلەدەستدانی ژمارەیەک گەریلای راگەیاند.
رۆژی 8ـی تشرینی دووەمی 2023، ناوەندی چاپەمەنیی و راگەیاندنی هەپەگە، کوژرانی هەشت سەرباز و برینداربوونی دوو سەربازی دیکەی لە ناوچەی ئاڤاشین بڵاوکردەوە.
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە تورکیا ناوی ناوە چنگ - قوفڵ، کە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022، لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 760 گەریلا و کوژرانی 110 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ هەپەگەش کوژرانی سێ هەزار و 57 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 392 گەریلای راگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ