ئەوقافی سلێمانی: مامۆستا هەڵۆ بەڵێنی داوە پابەندی رێنماییەکانی ئەوقاف بێت

45 خولەک له‌مه‌وپێش
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی سلێمانی رایگەیاند، رێگەیان بە مەلا هەڵۆ حەمەڕەشید داوە، جارێکی دیکە بگەڕێتەوە سەر مینبەری مزگەوت و گوتاری هەینی بخوێنێتەوە، ئەویش بەڵێنی داوە پابەندی رێنماییەکانی وەزارەتی ئەوقاف بێت.
 
چوارشەممە (9ـی ئەیلوولی 2024) عەباس خدر، بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لەسەر داواکاری بریکاری وەزیری ئەوقاف، لەسەر رێنماییەکانی وەزارەتی ئەوقاف بڕیاردرا رێگە بە مامۆستا هەڵۆ بدرێتەوە گوتاری نوێژی هەینی بخوێنێتەوە، نووسراومان کردووە و ناردوومانە بۆ وەزارەتی ئەوقاف، چاوەڕێی وەڵامی ئەوانین هەموو رێکارەکانی دیکە تەواو بوون."
 
سەبارەت بە هەڵوێستی مەلا هەڵۆ حەمەڕەشید، بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی گوتی "مامۆستا هەڵۆ قبوڵی کردووە بگەڕێتەوە، بەڵێنی داوە پابەندی رێنماییەکانی وەزارەتی ئەوقاف بێت و لە چوارچێوەی رێنماییەکانی وەزارەتەکە کار بکات."
 
مەلا هەڵۆ حەمەڕەشید، نزیکەی شەش ساڵە لێی قەدەخە کراوە گوتاری هەینی لە مزگەوتەکان بخوێنێتەوە. 
 
عەباس خدر دەڵێت "کێشەکەی مامۆستا هەڵۆ لەسەر بابەتێکی گەورە نەبوو، کێشەیەکی ئاسایی بووە، داوایان لێکردووە بڕوات بۆ پارێزگای هەولێر و لەوێ گوتاری هەینی بخوێنێتەوە، ئەویش قبووڵی نەکردووە، دوورخستنەوەشی لە گوتاردان وەک سزایێک بووە."
 
لە هەرێمی کوردستان، پێنج هەزار و 820 مزگەوت هەن، لە سێ هەزار و 380 مزگەوتیان گوتاری هەینی پێشکەش دەکرێت. دوو هەزار و 700 کەس وەک مامۆستا لای وەزارەتی ئەوقاف دامەزراون، کە بەشێکیان بەشێوەی فەرمانبەری ھەمیشەیی و بەشێکیان گرێبەستن هاوکات زیاتر لە هەزار مامۆستای خۆبەخشیش هەن.
 
لەبارەی ژمارەی ئەو مامۆستایانەی لە گوتاردان دووخراونەتەوە، بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی گوتی: "زۆر بە کەمی مامۆستا میلاکەکانی سەر بە وەزارەت دووردەخرێنەوە، بەڵام سەبارەت بە مامۆستا خۆبەخشەکان، زوو زوو ئەو کێشەیە روودەدات، چونکە پابەندی رێمانییەکانی وەزارەت نابن."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە