هەفتەیەکە دایکێک و کچەکەی لە پارکێکی سلێمانی رۆژ دەکەنەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
عەدنان رەشید
هاوژینی کەژاڵ لە ژیان نەماوە و لەگەڵ شەهێنی کچی، بەهۆی "نەدانی کرێی خانوو" لە پارک رۆژ دەکەنەوە
هاوژینی کەژاڵ لە ژیان نەماوە و لەگەڵ شەهێنی کچی، بەهۆی "نەدانی کرێی خانوو" لە پارک رۆژ دەکەنەوە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کەژاڵ ئیبراهیمی تەمەن 67 ساڵ لەگەڵ کچەکەی، هەفتەیەکە لە پارکێکی گەڕەکی سەروەریی سلێمانی دەمێننەوە. چاودێریی کۆمەڵایەتیی سلێمانی دەڵێت، ئەمشەو جێگەیان بۆ دابین دەکەن.
 
هاوژینی کەژاڵ لە ژیان نەماوە و لەگەڵ شەهێنی کچی، بەهۆی "نەدانی کرێی خانوو" لە پارک رۆژ دەکەنەوە. شەهێن، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی: "حەوت مانگ کرێ قەرزارین، دوو برام نیڤشکانن و ناتوانن بەخێومان بکەن، یەکێکیان قاچی بڕاوەتەوە و ئەوی دیکەیان لەسەر عەرەبانەیە و هەریەکەیان چوار منداڵیان هەیە".
 
کەسوکارێکی نزیک لەو خێزانە کە نەیویست لە بەرپرسیار شێوەی دەربکەوێت و ناوی بڵاوبکرێتەوە، گوتی: "سێ کرێی خانووم بۆ داون، خۆیشم کرێچیم، کچێکیشیان نەخۆشی دەروونی هەیە و من بەخێوی دەکەم. دوو کوڕەکەی کەژاڵ بژێوییان خراپە و ئەوانیش ناتوانن لەخۆیان بگرن".
 
چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی سلێمانی هاوکاریی پێشکێشی ئەو خێزانە دەکات. ژیلوان عادل، بەڕێوەبەری چاودێریی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی سلێمانی، لە بەرپرسیار گوتی: "ئەمشەو شوێنیان بۆ دابین دەکەین، لە بەیانییەوە رێکارە ئیدارییەکانیان بۆ دەستپێدەکەین. لە نەخۆشخانە حکومییەکانیش چارەسەریی تەندروستییان بۆ دەکەین. بۆ دۆخی ئەو خێزانە وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاگادار دەکەمەوە".

 

 
بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی سلێمانی ئەو خێزانە بە "شایستەی مووچە" دەزانێت. بێستوون شەهید جەبار، لە بەرپرسیار گوتی: "رۆژ دوای رۆژ سیستمی کۆمەڵایەتی و داهاتووی تاک تێکدەچێ و کەیسی هاوشێوە زۆرن و بەمشێوەیە چارەسەر ناکرێن. دەتوانین چەند مانگێک کرێیان بۆ بدەین، بەڵام ئەگەر چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ نەدۆزرێتەوە ئەوا ئەم جۆرە کەیسانە لە حاڵەتەوە دەبنە دیاردە".
 
کەژاڵ ئیبراهیم خەڵکی سلێمانییە، نەخۆشیی شەکرە، بەرزە پەستانی خوێن و بڕبڕەی پشت تەنگی پێهەڵچنیوە، ئەو دەڵێت، کەسێکیان نیە پارە بۆ بژێوی ژیانیان پەیدابکات؛ ئەوەی خەڵک و دراوسێ پێیان نەدا، نیانە بیخۆن.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە