هەزاران کەس لە فێستیڤاڵی ئاوازی گەلان لە سلێمانی ئامادەبوون

09-09-2023
هۆرڤان رەفعەت
فێستیڤاڵی ئاوازی گەلان لە سلێمانی
فێستیڤاڵی ئاوازی گەلان لە سلێمانی
نیشانەکردن فێستیڤاڵی ئاوازی گەلان سلێمانی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کار و چالاکییەکانی فێستیڤاڵی ئاوازی گەلان بە درووشمی 'میوزیک هەموومان لە سلێمانی کۆدەکاتەوە' بەردەوامە، فێستیڤاڵەکە تاوەکو چوار رۆژ بەردەوام دەبێت و ژمارەیەک هونەرمەند و گرووپی هونەری لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و باکووری کوردستان تێیدا بەشدارن. 
 
ئێوارە پەیتا پەیتا ھاونیشتیمانیان روودەکەنە شانۆی رۆمانی و دەیانەوێت شەوێکی لێوانلێو لە میوزیک، گۆرانی و هونەر لەسایەی فێستیڤاڵی ئاوازی گەلان بەسەرببەن.
 
مامۆستا ئەنوەر قەرەداخی چەندین ساڵە سەرپەرشتیی گرووپە تاقانەکەی پایتەختی رۆشنبیری، گرووپی کیژانی سلێمانی دەکات، بەرهەمەکانی ئەو گرووپە بوونە دەستپێکی فێستیڤاڵی ئاوازی گەلان، گەورەترین فێستیڤاڵ تائێستا لە سلێمانی کرابێت.
 
ئەنوەر قەرەداخی، سەرپەرشتیاری گرووپی کیژانی سلێمانی بە رووداوی گوت "لە هەموو ناوچەکانی کوردستانەوە ئاواز و گۆرانیی جیاوازی جوانی کوردانەمان هێناوە، تاوەکو لە گرووپەکەدا رەنگبداتەوە، هەروەها خۆم سەرپەرشتیی کارەکانی گرووپەکەم کردووە و دەمانەوێت جوانترین پێشکێش بکەن."
 
زیاتر لە مانگێکە هونەرمەندەکان ئامادەکاری بۆ ئەم فێستیڤاڵە فرەڕەنگە دەکەن، گۆرانییەکانیان بەپێی رەسەنیی نەتەوەکانی ناوچەکە هەڵبژاردووە.
 
شانۆ ئامانج، یەکێکە لەو هونەرمەندانەی نێو گرووپی کیژانی سلێمانی، کە بە گۆرانیگوتن بەشداریی کردووە، لەبارەی فێستیڤاڵەکەوە گوتی "جیاوازە لەوانەی پێش خۆی، چونکە بەرکەوتنمانە لەگەڵ ئەو خەڵکانەی خۆشمان دەوێن، هەروەها ئەوان چێژ لە گۆرانییەکانی ئێمە وەردەگرن و ئێمەش چێژ لە ئامادەبوونی ئەوان دەبینین."
 
تریفە ئەمیری، هونەرمەندێکی شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستانە، میوانی گرووپی کیژانی سلێمانییە و لەبارەی گۆرانییەکەی خۆیەوە گوتی "من گۆرانیی 'ئەی یارم'ـی مامۆستا محەممەدی ماملێم ئامادەکردووە و بڕیارە بە کۆرس بگوترێتەوە، هەروەها لەنێو گۆرانییەکەشدا بەشێکی گەلۆ یان حەیرانە کە ئەوەیان خۆم دەیڵێم و هیوادارم بەدڵی ئامادەبووان بێت."
 
گۆرانی و مەقام لەلایەک و بەستە و گەڕیان و گەلۆ لەلایەکی دی، ئۆپەرێتی کوردی و ئیتاڵی بە دەنگی پەروین چاکار، خانمە گۆرانبێژی باکووری کوردستان لەگەڵ مەقام و بەستەی عێراقی ئاسمانی ھەواری شاریان تەنی.
 
زیاتر لە سێ  هەزار کەس ئامادە بوون و بەتەواو ئاوێتەی میوزیک و گۆرانییەکان بوون.
 
شنروێ رەفعەت، هاونیشتیمانییەکی سلێمانییە و، بۆ گوێبیستبوون لە گۆرانی و میوزیک هاتووەتە شانۆی رۆمانی و گوتی "ئێمە، بەڕاستی تینووی ئەم جۆرە بۆنانەین، لەبەرئەوەی سلێمانی پایتەختی رۆشنبیرییە، بەڕاستی شاری گۆرانی و ئەدەب و میوزیکە، هەروەها کۆبووەنەوەی ئەم خەڵکەش بۆ ئەم فێستیڤاڵە بەڕاستی جێگەی دڵخۆشییە."
 
نزار محەممەد، هاونیشتیمانییەکی دیکەی سلێمانییە، لەبارەی فیستیڤاڵەکەوە گوتی "زۆر تایبەت و جوانە، تیکەڵێک بوو لە ئاوازی کوردی، عەرەبی، جیهان و ناوچەکانی دیکەی جیهان، ئەوە زۆر دڵخۆشی کردین."
 
فێستیسڤاڵەکە کاری هاوبەشی وەزارەتی رۆشنبیری و زانکۆی ئەمریکیی سلێمانییە، پشتیوانەکەشی سەرۆککۆماری پێشووی عێراق، د. بەرهەم ساڵحە و بڕیارە چوار رۆژ بەردەوام بێت.

 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتان.

نێچیرڤان بارزانی داوا لە وڵاتانی زلهێز دەکات مافی کورد لە سووریا بپارێزرێت

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ماوەی هەفتەیەکدا لەگەڵ وەزیرانی بەرگریی ئەڵمانیا، ئیتالیا، هۆڵەندا و سەرۆک ئەرکانی بەریتانیا و فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانی دژی داعش لە عێراق و سووریا کۆبووەوە.