لە رۆژی جیهانیی ژناندا کچێک لە قاوەخانەیەکی ئامەد کوژرا

09-03-2025
دیار سلێمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە قاوەخانەی مۆڵێکی سنووری پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان، تەقە لە کچێک کرا و گیانی لەدەستدا.
 
رووداوەکە، درەنگی شەوی شەممە، 8ـی ئاداری 2025 لە گەڕەکی سەلاحەدین ئەیوبی لە شارۆچکەی رەزان سەر بە ئامەدی باکووری کوردستان روویدا؛ کەسێک چووەتە قاوەخانەی مۆڵێک و بە دەمانچە تەقە لە ژن و پیاوێک دەکات. تاوەکو ئێستا ناسنامەی تەقەکەرەکە دەستنیشان نەکراوە.
 
دوای رووداوەکە، تیمەکانی پۆلیس و تەندروستی گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و بریندارەکانیان گواستەوە نەخۆشخانە. وێڕای وەرگرتنی چارەسەر، مەرڤە نوور گیانی لەدەستدا و تەرمەکەی رەوانەی دادپزیشکیی پارێزگەکە کرا.
 
تیمەکانی پۆلیس رێکاری ئەمنییان لە شوێنی رووداوەکە گرتەبەر و لێکۆڵینەوەیان بۆ دەستگیرکردنی تەقەکەرەکە دەستپێکرد.
 
بەگوێرەی ئاماری وەقفی ئوموت، پار لە تورکیا و باکووری کوردستان، سێ هەزار و 801 رووداوی تووندوتیژی روویانداوە، تێیاندا دوو هەزار و 370 کەس کوژراون و سێ هەزار و 829ـی دیکەش بریندار بوون. لە سێ هەزار و 194 رووداودا دەمانچە و لە 607 رووداویشدا چەقۆ بەکارهێندراون.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە