حکومەت: گەڕی دووەمی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران دەستپێدەکات

09-02-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، گەڕی دووەمی پێدانی زەوی بە فەرمانبەران دەستپێدەکات و ئەم جارە زیاتر لە 240 هەزار فەرمانبەر لێی سوودمەند دەبن.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 09-02-2025، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، "مامەڵەی وەرگرتنی وەجبەی دووەمی پێدانی زەوی بۆ 27 وەزارەت و فەرمانگە تەواو بووە".
 
ئەمە لە کاتێکدایە، قۆناخی یەکەمی تیروپشک و دابەشکردنی زەوی لە 17ـی تشرینی دووەمی پار دەستیپێکرد. لە هەولێر 5 هەزار، لە سلێمانی 6 هەزار و 577، لە گەرمیان دوو هەزار و 474، لە دهۆک هەزار و لە زاخۆش هەزار و 241 پارچەزەوی دابەش کران.
 
حکومەت دەڵێت، ئەو پرۆسەیە "لەژێر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە سەرپەرشتیی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارە".
 
لە گەڕی دووەم، زەوییەکان دەکەونە شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، سۆران، راپەڕین، گەرمیان و زاخۆ. ئەمە وەکو حکومەت بڵاویکردووەتەوە. دەشڵێت، ئەم جارە 240 هەزار و 111 فەرمانبەر سوودمەند دەبن.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان 27ـی ئاداری 2024 بڕیاری دابەشکردنی زەوی بۆ ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە دا کە سوودمەند نەبوون.
 
بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024 لە ژمارە 219ـی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە.
 
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت؛ دابەشکردنی زەویش بەشێوەی تیروپشک و بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت.
 
سێ مەرج دیاریکراون کە ئەمانەن
 
- ساڵانی خزمەت
- ژمارەی ئەندامانی خێزان
- شوێنی نیشتەجێبوون

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە