کۆنسووڵی ئەمریکا باسی زوو پێکهێنانی حکومەت دەکات

11 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کۆنسووڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر بەجیا لەگەڵ هەریەک لە هێمن هەورامی و دەرباز کۆسرەت کۆبووەوە و باسی زوو پێکهێنانی حکومەتی کرد.
 
کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە رایگەیاند "ستیڤ بیتنەر، کونسووڵی گشتی لەگەڵ د. ھێمن ھەورامی کۆبووەوە بۆ جەختکردنەوە لە ھەرچی زوو پێکھێنانی حکومەتێکی گشتگیر لە هەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی بەرنامەیەکی پەرلەمانی کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ھەموو خەڵکی ھەرێمی کوردستان بکات." 
 
لە راگەیێندراوەکەدا هەروەها هاتووە لە کۆبوونەوەکەدا ستیڤ بیتنەر و هێمن هەورامی گفتوگۆیان لەبارەی پەرەسەندنەکانی ناوچەکە کرد و، کۆنسووڵی گشتی "جەختی لەسەر پابەندبوونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە پشتگیریکردنی چاکسازیی ھێزەکانی پێشمەرگە و بەھێزکردنی پەیوەندیی ھاوبەشی ئاسایشی نێوان ئەمریکا و ھەرێمی کوردستان کردەوە."
 
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان 20-10-2024 کرا، تێیدا پارتی زۆرترین کورسی بەدەستهێنا، دوای ئەویش یەکێتی و نەوەی نوێ لە پلەکانی دووەم و سێیەم دێن. 
 
بەپێی ئەنجامی فەرمی، ژمارەی کورسیی لایەنەکان بەمشێوەیەبوو؛ پارتی 39 کورسی، یەکێتی 23 کورسی و نەوەی نوێ 15 کورسی. 
 
لەلایەکی دیکەوە، دەرباز کۆسرەت رەسوول، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 8-1-2025 لە شاری هەولێر پێشوازی لە کۆنسووڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کرد. 
 

لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، دەرباز کۆسرەت لە رێگەی فەیسبووکی خۆیەوە رایگەیاند، گفتوگۆیان لەبارەی پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، دۆخی سووریا و پێکهێنانی کابینەی 10ـی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە "کۆنسووڵی گشتیی ئەمریکا جەختی لە جێبەجێکردنی بەرنامەیەکی گشتیی کردەوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت کە زامنی خۆشگوزەرانی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بکات."
 
دەرباز کۆسرەت لە کۆبوونەوەکەدا جەختی کردووەتەوە لەوەی "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەرۆشی پێکهێنانی حکومەتێکی هاوبەشە کە خواستی هاونیشتمانیان تێیدا رەنگبداتەوە لە پرسی چارەسەرکردنی قەیران و بودجە و مووچە دا." ئەمە وەک لە راگەیێندراوەکەیدا هاتووە.
 
ئەم کۆبوونەوانە لەکاتێکدان؛ شاندی تەکنیکیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئەمڕۆ (پێنجشەممە) بۆ رۆژی سێیەم لە هەولێر کۆدەبنەوە. ئامانج لەم زنجیرە کۆبوونەوەیەش ئامادەکردنی رەشنووسی پێکهێنانی کابینەی دەیەمە.
 
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانوستاندنەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "لە گفتوگۆکانی ئەمڕۆدا، دابەشکردنی پۆستە سیادییەکان و چۆنیێتی بەشداریی هەردوولا لە کابینەی داهاتوو دەخرێنەڕوو."

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و خەمیس خەنجەر.

سەرۆک بارزانی و خەمیس خەنجەر تاوتوێی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا دەکەن

بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی بارەگای بارزانی، لەو دیدارەدا باس لە بارودۆخی سیاسیی و ئەمنی عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق کرا و "تیشک خرایە سەر ئاڵنگاری و گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە بە گشتی."