رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ئاوی چەمچەماڵ دەڵێت، کارکردن لە پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ – گۆپتەپە بەردەوامە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ پارە بۆ کۆمپانیای جێبەجێکار خەرج نەکراوە.
زیاد جاندار، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ئاوی قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی، رۆژی 08-11-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کارکردن لە پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە- چەمچەماڵ نەوەستاوە و ئێستا لە دوو شوێنی پڕۆژەکەدا کار دەکرێت".
بە گوتەی بەڕێوەبەری ئاوی چەمچەماڵ، تاوەکو ئەمڕۆ پارە بۆ کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە خەرجنەکراوە. گوتیشی: "بۆ بەردەوامیدان بە پڕۆژەکە بە فەرمی داوامان کردووە پارە بۆ کۆمپانیاکە خەرج بکرێت".
قسەکانی جاندار لەکاتێکدان، دەنگۆی راگیرانی کارکردن لە پڕۆژەکە بڵاوبووەتەوە.
27-10-2024 رەمەک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ بە رووداوی گوت: "کارکردن لە پڕۆژەکە بەردەوامە. سەرچاوەی ئاوەکە پاککراوەتەوە، بابەتە جیۆلۆجی و تەکنیکییەکانی تەواوکراون و ئاراستەی بۆرییەکان دیاریکراوە."
بە گوتەی قایمقام، لە پڕۆژەکەدا سێ حەوزی گەورەی ئاو لە شوێنی جیاواز دروست دەکرێن و بەشێکی کارەکانیان تەواو کراوە، ئەوانیش حەوزێکی 15 هەزار مەتر سێجایی، حەوزێکی پێنج هەزار مەتر سێجایی و حەزێکی هەزار مەتر سێجایی.
لەبارەی خەرجکردنی پارەشەوە رەمک رەمەزان گوتی، "کێشەی پێدانی سولفە هەیە. داوا لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران دەکەم بە هاوکاری وەزیرانی شارەوانی، دارایی و پلاندانان هەرچۆنێک بێت سولفەی ئەم پڕۆژەیە رانەگیرێت".
حوزەیرانی ئەم ساڵ بە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ – گۆپتەپە کەوتە واری جێبەجێکردنەوە.
زیاتر لە 10 ساڵە قەزای چەمچەماڵ و بەشێک لە ناحیەکانی کێشەی کەمیی ئاویان هەیە و چاوەڕوان دەکرێت بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ – گۆپتەپە کێشەکە چارەسەر بێت.
پڕۆژەکە 26ـی حوزەیران نووسراوی کارکردنی بۆ کراوە و لە 30ـی حوزەیرانەوە کارکردن تێیدا دەستیپێکردووە و بڕیارە 26-06-2026 تەواو بێت.
ئەوە لەکاتێکدایە، ئەم ساڵیش لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما کێشەی کەمیی ئاو لە سنووری چەمچەماڵ دروستبوو و 10 بۆ 12 رۆژ جارێک ئاو دەدرایە ماڵان.
چەند جارێکی دیکە بڕیاری خەرجکردنی پارە بۆ پڕۆژەکە دراوە و جێبەجێ نەکراوە.
سنووری قەزای چەمچەماڵ و ناحیەکانی شۆڕش و تەکیە لە 24 کاژێردا 60 هەزار مەتر سێجا ئاویان پێویستە و ئێستا کەمتر لە نیوەیان پێدەگات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ