هەڵوێستی لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن؛ کێ لە کابینەی دەیەمی حکومەت بەشدار دەبێت؟

08-11-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بە گوێرەی بەدواداچوونی رووداو، جگە لە پارتی و یەکێتی، هەر یەک لە نەوەی نوێ، تورکمان و سۆسیال دیموکرات ئامادەن  بەشداری لە کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن. هەریەکە لە رەوتی هەڵوێست، کۆمەڵ و یەکگرتوو بەشداربوون رەتدەکەنەوە و بەرەی گەلیش یەکلا نەبووەتەوە کە دەچێتە پەرلەمان یان نا.
 
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان شاندی جیایان پێکهێناوە و بڕیارە بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای یەکلابوونەوەی تانەکان گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن بکەن.
 
30-10-2024 کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی 20-10-2024ـی پەرلەمانی کوردستانی بڵاوکردەوە و سێ رۆژی بۆ تانەدان لە ئەنجامەکان دیاریکرد. ئێستا تانەکان تەواو بوون و چاوەڕوان دەکرێت لە کەمتر دوو هەفتەی داهاتوو دەستەی دادوەری کۆمیسیۆن یەکلایان بکاتەوە و ئەنجامی پەسندکراو بڵاو بکاتەوە.
 
پارتی دیموکراتی کوردستان کە زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و 39 کورسی بردووەتەوە، خۆی بە خاوەنی حکومەتی داهاتوو دەزانێت بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم بڕیارە سەردانی سەرجەم لایەنە براوەکان بکات. هەرچی یەكێتی نیشتمانی کوردستانیشە کە 23 کورسی بەدەستهێناوە، دەیەوێت جگە لە دانوستاندن لەگەڵ براوەی یەکەم، لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش گفتوگۆ بکات.
 
ئەو حیزبانەی ئامادەن لە حکومەت بەشداربن
 
جگە لە پارتی و یەکێتی کە لە دوای راپەڕینەوە لە ساڵی 1991ـە لە نۆ کابینەی رابردووی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا دوو لایەنی گەورە و سەرەکی بوون و چاوەڕوان دەکرێت بۆ کابینەی دەیەمیش هەروا بێت، بەشێکی دیکە لەو حیزبانەی لە هەڵبژاردنەکەدا کورسییان بەدەستهێناوە ئامادەییان دەربڕیوە بچنە گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتەوە.
 
جووڵانەوەی نەوەی نوێ کە سێیەم براوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە بە بەدەستهێنانی 15 کورسی، شەوی رابردوو لە راگەیێندراوێکدا کە لە پەیج و میدیای حیزبەکە بڵاوی کردەوە رایگەیاند، ئامادەن بچنە حکومەتی هەرێمەوە ئەگەر مەرجەکانیان جێبەجێ بکرێت.
 
لەبارەی مەرجەکانیشیانەوە نەوەی نوێ رایگەیاندووە، "پۆستی سەرۆک وەزیران، یان تەواوی پۆستەکان"ـی دیکەیان لە هەرێمی کوردستان پێبدرێت ئامادەن بەشداری لە پێکهێنانی کابینەی 10ـەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن.
 
هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان، کە پێکهاتبوو لە پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، حیزبی شیوعی کوردستان و حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان کورسییەکی پەرلەمانیان بۆ بەربژێرێکی سۆسیال دیموکرات بەدەستهێناوە و ئامادەن بچنە حکومەتی داهاتووەوە.
 
د. فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی سۆسیال دیموکراتی کوردستان رۆژی هەینی 08-11-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا ئامانجی ئێمە خزمەتی خەڵک بووە زیاتر لەوەی بەدوای دەنگێکدا بگەڕێین. نەمانی بۆشایی یاسایی و بەهێزکردنی قەوارەکەمان لاگرنگترین بووە".
 
لەبارەی بەشداربوونیان لە کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، فەرهاد تۆفیق گوتی: "گرنگە حکومەتێکی یەکگرتووی بەهێز پێکبهێندرێت. پێشنیازی شوێنێک لە حکومەتی داهاتوو بۆ ئێمە بکرێت کە بزانین لەو شوێنەوە دەتوانین خزمەتی خەڵک بکەین، ئەوە لە حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان بەشداری دەکەین".
 
لەم هەڵبژاردنەدا کە پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە کرایە 100 کورسی و کورسی کۆتای پێکهاتەکانیش کرایە پێنج کورسی، دووانیان لە پارێزگای سلێمانی؛ دوو لە پارێزگای هەولێر و ئەوی دیکەشی لە پارێزگای دهۆک هەڵبژێردرا.
 
مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان و یەکێک لە براوەکانی کورسی کۆتاکان بە رووداوی گوت: "ئێمە بڕیارمانداوە بەشداری لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان بکەین و بچینە حکومەتەوە".
 
قەهوەچی گوتی: "تاوەکو ئەمڕۆ هیچ لایەنێک بە فەرمی گفتوگۆی پێکهێنانی کابینەی داهاتووی حکومەتی لەگەڵدا نەکردووین".
 
ئەو حیزبانەی بەشدار نابن
 
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا حەوت کورسی بەدەستهێنا. مستەفا عەبدوڵڵا، کارگێڕی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی حیزبەکە ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە بڕیاری سەرکردایەتیمان هەیە کە رەتیدەکەینەوە بچینە حکومەتی نوێوە و پابەندی ئەو بڕیارەین".
 
مستەفا عەبدوڵڵا گوتی، سەردانی لایەنەکان هەبووە بۆ داواکردنی بەشداربوونیان لە حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان و ئەوانیش رەتیانکردووەتەوە. گوتیشی: "هەر شاند و حیزبێک سەردانمان بکات نەوەکو رەتی دەکەینەوە، بەڵکو ئامادەش نابین گفتوگۆ لەسەر بەشداربوون لە حکومەت بکەین".
 
هەروەها رەوتی هەڵوێست لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا چوار کورسی بەدەستهێناوە و نایەنەوێت بەشداری کابینەی دەیەمی حکومەت بکەن. سەردار قادر، گوتەبێژی رەوتەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تانەمان لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان داوە و چاوەڕوانی وەڵامەکانین".
 
رەوتی هەڵوێست دوای ئەنجامی تانەکان دڵنیا دەبنەوە کە دەچنە پەرلەمانی داهاتوو یان رەتیدەکەنەوە. گوتەبێژەکەیان دەڵێت: "لەوە دڵنیابووینەتەوە و دووپاتی دەکەینەوە، کە بەشداری لە کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ناکەین".
 
کۆمەڵی دادگەریی کوردستانیش سێ کورسی هەڵبژاردنی بەدەستهێناوە و ئەنجامەکانی رەتکردووەتەوە و تانەی لێداوە. پێشتریش بە فەرمی رایگەیاندووە، ناچنە پەرلەمانی داهاتووی کوردستانەوە.
 
عەبدولستار مەجید، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "جەخت لە بڕیاری خۆمان دەکەینەوە ناچینە پەرلەمان و حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستانەوە".
 
بەرەی گەل کە بۆ یەکەم جار بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کرد بە سەرۆکایەتی لاهوور شێخ جەنگی، دوو کورسی بەدەستهێنا. سەرکردەیەکی حیزبەکە دەڵێت: "تاوەکو ئێستا لە گفتوگۆدان کە بەشداری پەرلەمانی داهاتوو دەکەین یان نا".
 
شادومان مەلاحەسەن ئەمڕۆ بە رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا یەکلا نەبووینەتەوە کە دەچینە پەرلەمانی داهاتوو یان نا، ناکرێت باسی بەشداربوون لە کابینەی داهاتوو حکومەت بکەین".
 
تانەکان دژی ئەنجامی هەڵبژاردن
 
03-11-2024 دوایین رۆژی تانەکان بوو دژی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و کۆمیسیۆن رایگەیاند، 41 تانە لە دژى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردن تۆمار کراون.
 
سکاڵاکان 25 یان لە بازنەى سلێمانى، 12 لە هەولێر، سێ لە دهۆک و یەک تانەش لە ئەنجامی هەڵبژاردن لە بازنەی هەڵەبجە دراوە.
 
بەگوێرەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، 20ـی ئەم مانگە دوایین رۆژ دەبێت لە بەردەم کۆمیسیۆن و دەستەى دادوەریى کۆمیسیۆن بۆ یەکلاکردنەوەی تانەکان.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە