رووداو دیجیتاڵ
لە شاری میلان، پایتەختی جیهانی مۆدە 15 رەنگی باو بۆ ساڵی 2024-2025 دیاریکراون. هەموویان تایبەتن بە وەرزەکانی پاییز و زستان.
ئەحمەد ئیبراهیم لە هەولێر دووکاندارە و زیاتر لە 10 ساڵە جلوبەرگ دەفرۆشرێت، ناڕازییە لەوەی خەڵک لەگەڵ رەنگە ترێندەکان خۆیان ناگونجێنن. دەڵێت، بەگشتی رەش، نیلی و رەساسی لەبەر دەکەن. "کەم کەس هەیە بەدوای رەنگی ترێندی ساڵدا بگەڕێت." بۆ زستانیش رەنگە تۆخەکان باون.
لە هەولێر لەسەر رەنگی باو و پابەندبوون بە مۆدە، پرسیارم لە هاونیشتمانییان کرد. ئیبراهیم هیوا، خوێندکاری زانکۆیە و دەڵێت، بەپێی وەرزەکان هەڵی دەبژێرێت، هەر وەرزە و ترێندێکی نوێ، رەنگێکی نوێ و لە هەمان کاتدا بۆنێکی نوێش.
دیا بەختیاریش فەرمانبەرە، ئەو لەگەڵ ئەوە نییە بەپێی ترێند و مۆدە و گرانیی جلوبەرگ بڕوات. دەڵێت، "لەم کاتەدا پێویست نییە."
درووشمی سەرەکیی ئەم پاییزە لە بواری مۆدەدا ئازایەتییە. بۆ نموونە تێکەڵکردنی قوماش و رەنگەکانی دوو وەرزی جیاواز.
لاس هاوار دیزاینەرێکی کوردە و زیاتر لە 10 ساڵە لە میلانی ئیتاڵیا کار دەکات، بە سەردانێکی کاتی لە کوردستانە. دەڵێت، لە 2025 بۆ 2026 ئەوەی ترێندە رەنگی سارد و گەرم تێکەڵکراون. بۆ نموونە، مارۆنی لەگەڵ سلڤەر یان سپی. "بۆ 2027ـیش باوەڕ ناکەم گۆڕانکاری بەسەردا بێت."
بۆ پاییز و وەرزی سەرمای ئەم ساڵ، دیزاینەرەکان پێشنیازی ئەو قوماشانە دەکەن کە رەنگیان تێکەڵ و ئەستوورن.
بەپێی ئاماری یەکێتیی هەناردە و هاوردەکاران، ساڵانە بە بەهای نزیکەی 5 ملیار دۆلار جلوبەرگ لە وڵاتانەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، تورکیا بە پلەی یەکەم دێت، چین و ئێرانیش دووەم و سێیەمن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ