ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: تۆمەتباری تەقاندنەوەی فرۆشگاکەی کەرکووک دەستگیر کرا

08-11-2024
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێت، تۆمەتباری سەرەکیی تەقاندنەوەی فرۆشگایەکی کەرکووک لە شاری سلێمانی دەستگیر کراوە.
 
ئەمڕۆ هەینی 8ی تشرینی دووەمی 2024 دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، دوای چەند رۆژێک "لە ئەنجامدانی هێرشێک بە بۆمبێکی چێندراو بۆ سەر یەکێک لە فرۆشگاکانی پارێزگای کەرکووک، کە بووە هۆی برینداربوونی خاوەن فرۆشگاکە و هاوژینەکەی، هێزەکانمان بە هاوئاهەنگیی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی توانییان تۆمەتباری سەرەکی لەنێو شاری سلێمانی دەستگیر بکەن."
 
دەزگاکە راشیگەیاندووە، "تۆمەتبارەکە چەند جارێک چاودێریی شوێنەکەی کردووە، تەقەمەنییەکەی لەنێو کیسەیەکدا شاردووەتەوە و لە بەردەم فرۆشگاکە دایناوە، دواتر لە رێگەی مۆبایلەوە تەقاندوویەتیەوە."
 
بەگوێرەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، "تۆمەتبارەکە بۆ ماوەی 5 رۆژ چووەتە دەرەوەی وڵات و دواتر چووەتە شاری سلێمانی و لەوێ دەستگیر کراوە."
 
تۆمەتبارەکە بە گوێرەی مادەی 4ی تیرۆر دەستگیرکراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە.
 
هەر ئەمڕۆ عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە رووداوی گوت، "ئەو رووداوە نزیکەی مانگێک لەمەوپێش روویدا. کە کەسێکی نەناسراو فرۆشگایەکی لە گەڕەکی موسەڵڵا تەقاندەوە. خاوەنی فرۆشگاکە تورکمانی دانیشتووی کەرکووکە و بەهۆی تەقینەوەکەوە قاچێکی لەدەستدا. هاوژینەکەشی بە سووکی برینداربوو."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە