دەزگای روانگە لە سۆران 50 کەس دەکاتە خاوەن کاری خۆیان

16 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئەندام جەبار
تیمەکەی دەزگای روانگە پاڵپشتیی دارایی دەدەنە سوودمەندان.
تیمەکەی دەزگای روانگە پاڵپشتیی دارایی دەدەنە سوودمەندان.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دەزگای روانگە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران یارمەتیی 50 کەس دەدات بۆ ئەوەی ببنە خاوەن بزنسی سەربەخۆی خۆیان. 
 
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆیەکەدا دەردەکەوێت، تیمێکی دەزگای روانگەن، پاڵپشتی داراییان بۆ  ژمارەیەک  کەسی سنووری سۆران بردووە. 
 
دەستی ئەو کەسانە دەگرن کە خاوەن بیرۆکەن و دەیانەوێت ببنە خاوەن کاری خۆیان. کارەکەیان بە هاوئاهەنگی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە.
 
بەشدار عەزیز یەکێکە لە سوودمەندبووانی پاڵپشتییەکە. چەند سەر ئاژەڵێکی بۆ دەکڕن و بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵەکانیش هاوکاریی دارایی پێشکەش دەکەن. 
 
بەشدار عەزیز دەڵێت: "من بیرۆکەی کارکردنم هەبوو کە بتوانم پەرە بە کارەکەم بدەم و فراوانتری بکەم، ئینشائەڵڵا بەو شیرەی لەو ئاژەڵانە بەرهەم دێت هەندێک گۆڕانکاری لە ژیانم دروست بکەم." 
 
سێ مانگ پێش ئێستا لە رێگەی دابەشکردنی فۆڕمێک پرۆژەکەیان راگەیاندووە. 300 کەس بە پێشکەشکردنی 300 پرۆژەی جیاواز فۆرمەکانیان پرکردبووەوە. 
 
50 کەس لەوانەی هەژار و کەمدەرامەتن، هەلبژێردراون بۆ ئەوەی پاڵپشتییان بکرێت. 
 
مژدە ئەحمەد، یەکێکی دیکەیە  لەو 50 کەسەی لەلایەن دەزگای روانگەوە پاڵپشتی دەکرێت و بە دابینکردنی کەلوپەلی دروومانی بووە خاوەن کارو بزنسی خۆی. 
 
مژدە ئەحمەد دەڵێت: "من پرۆژەی خۆمم هەیە و دەمەوێت فراوانتری بکەم، بە پاڵپشتی دەزگای روانگە، پرۆژەکەی من دروومانە، بە بزنسێکی بچووک دەستم پێ کردووە وئینشائەڵڵا پەرەی پێ دەدەم." 
 
هەموو ئەوانەی سوودمەندبوون پێشتر هەر لەلایەن دەزگای روانگەوە راهێنانی بەبازاڕکردنیان پێ کراوە. 
 
شەهرام شەریف، بەرپرسی هاوئاهەنگی و هاوکارییەکانی دەزگای روانگە  دەڵێت: "ئامانجمان ئەوە بووە کە وەرچەرخانێکی جۆری لە ژیانی کۆمەڵێک خێزانی کەمدەرامەت ئەنجام بدەین و بتوانن بکەونە سەرکاری خۆیان بتوانن خۆیان ژیانی خۆیان بەڕێوەببەن." 
 
ئەو پرۆژەیەی دەزگاکە تەنیا لە سنووری سۆران بوو، ئامانجیانە لە شوێن و ناوچەی دیکەش کەسانی خاوەن بیرۆکە بکەن بە خاوەن بزنس و کاری سەربەخۆ. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە