گالەری

دوێنێ کاژێر 02:55
13 Photos
بڵند تاهیر
بڵند تاهیر @Bilindtahir
رووداو دیجیتاڵ 

ئەگەر پیاسەیەک بەنێو بازاڕی شێخەڵڵای هەولێر بکەی، لە زۆر شوێن پشیلەی بێلانە دەبینی، کە کەس خاوەنیان نییە، لەهەمان کاتدا هەمووان خۆیان بە خاوەنیان دەزانن و ناهێڵن بێ خواردن و خواردنەوە بن.
 
شاکر عەلی، دووکاندارێکی بازاڕی شێخەڵایە و چەند پشیلەیەک لە نزیک دووکانەکەی دەژین. شاکر بە رووداوی گوت: من زۆر یارمەتیی پشیلە دەدەم، ئەوان پاک و بێگەردن.
 
دووکاندارەکە بە چاوی پڕ لە بەزەییەوە سەیری پشیلەیەک دەکات و دەست بە پشتیدا دەهێنێت، دەڵێ "ئەم پشیلەیەیان لە تەمەنی دوو مانگییەوە لێرەیە، بێ من ناحەوێتەوە."
 
وەکو شاکر عەلی باسی دەکات، ئێستا لە بازاڕی شێخەڵڵا زۆربەی دووکاندارەکان یارمەتیی پشیلەکان دەدەن و ئاگاداریانن، رۆژانە خواردن و خواردنەوەیان بۆ دابین دەکەن و ناهێڵن ئازار بدرێن.
 
ئەمڕۆ (هەشتی ئاب) رۆژی جیهانیی پشیلەیە، کە لە ساڵی 2002ـوەوە لەلایەن سندووقی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ئاژەڵان دەستنیشانکراوە، لەم رۆژەدا لە جیهان هۆشیاری لەبارەی پشیلە و رێگەکانی پاراستن و یارمەتیدانیان بڵاودەکرێتەوە. 
 
بەڵام ئەو دووکاندارانەی قسەیان بۆ رووداو کرد، باسی ئەوەیان کرد ئەوان زانیارییان لەبارەی رۆژی جیهانیی پشیلەوە نییە، لەگەڵ ئەوەشدا  هەموو رۆژێک بەبێ جیاوازی، یارمەتیی پشیلەکانی بازاڕەکەیان دەدەن.