فڕۆکەی تورکیا چەند ناوچەیەکی شارباژێڕ دەکاتە ئامانج

08-05-2021
سالار رەزا
نیشانەکردن بۆردوومانی تورکیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووناوچەی چیای ئاسۆس لە رێگەی فڕۆکەوە بۆردوومان دەکرێن. قایمقامی ماوەت دەڵێت، فڕۆکەکان هی تورکیان و ئەو شوێنانەی بۆردوومان کراون دوورن لە ئاوەدانی و زەرەر و زیانی نەبووە.
 
کامەران حەسەن، قایمقامی قەزای ماوەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاژێر 10:10 خولەکی پێش نیوەڕۆی ئەمرۆ  خرۆڵی کانی کنێر و کەڵکی شیلانان لە چیای ئاسۆس بۆردوومان کراون، بە گوتەی شایەتحاڵەکانیش لە بەرەبەیانەوە دەنگی فڕۆکە بیستراوە".
 
لەبارەی ئەوەی کە فڕۆکەکان هی کوێ بوون، قایمقامی ماوەت دەڵێت، بەو پێیەی لە رابردووشدا ئەو ناوچانە لەلایەن فڕۆکەی تورکیاوە بۆردوومان کراون، ئەمجارەش فڕۆکەکان هی تورکیا بوون و بە بیانووی بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان، شاخی ئاسۆسیان بۆردوومان کردووە.
 
کامەران حەسەن، قایمقامی قەزای ماوەت گومان دەکات لەوەی کە پەکەکە و پژاک لەو ناوچەیە بوونیان هەبێت و گوتی: "تورکیا دەڵێت بوونیان هەیە لەو شاخە، بەڵام هیچ کەس نەیدیون و تەنها تورکیایە کە دەڵێت پەکەکە لە چیای ئاسۆسە".
 
بە گوتەی قایمقامی ماوەت ئەو شوێنانەی بۆردوومان کراون دوورن لە ئاوەدانی و هیچ زەرەر و زیانێکیشی نەبووە و هیچ شوێنێکیش نەسووتاوە.
 
پێشتر تورکیا ئەو ناوچانەی بۆردوومان کردووە. لە رۆژی 15-10- 2019 لەسەر چیای ئەزمەڕ لە رووداوێکدا دوو کەس کوژران و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون، سەرەتا ئاسایشی سلێمانی بە تەقینەوە ناوی برد و دواتر ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، فڕۆکەکانی تورکیا دوو کادیری باڵای پەکەکەیان لەسەر چیاکە کوشتووە. 
 
هەروەها لە ساڵی 2017 چوار جار چیای ئاسۆس بۆردوومانکرا و لە ساڵی 2020ـیش فڕۆکەکانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستانیان لە قەزای ماوەت کردە ئامانج، بەو هۆیەوە پێنج گەریلا گیانیان لەدەستدا و زیان بە چەند خانوویەکی گوندی سەفرە گەیشت و نەخۆشخانەی گوندەکەش خاپوور بوو.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە