ئەمڕۆ دەستکرا بە دابەشکردنی مینحەی مانگی دووی رزگاربووانی دەستی داعش

08-03-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

6 مانگە رزگاربووانی دەستی داعش لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە مینحە وەردەگرن. سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی رۆشنبیریی لالش دەڵێت، "ئەمڕۆ لە شێخان دەست بە دابەشکردنی مینحەی مانگی دوو کرا."
 
لە سەرەتای مانگی تەممووزی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی پاڵپشتیی دارایی بۆ رزگاربووانی دەستی داعش راگەیاند، لە مانگی ئابی هەمان ساڵدا کەوتە واری جێبەجێکردنەوە و زیاتر لە سێ هەزار رزگاربووی ئێزدی لێی سوودمەند دەبن.
 
رۆژی شەممە، 08ـی ئاداری 2025، سەعید جەردۆ، سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی رۆشنبیریی لالش بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ویستمان لە رۆژی ئافرەتاندا دەست بە دابەشکردنی مینحەی مانگی دووی رزگاربووانی دەستی داعش بکەین، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 2300 کەس لە وەرگرنی مینحە سوودمەند بوون."
 
ئەمڕۆ لە شێخان 240 کەس مینحەکەیان وەرگرت. سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی رۆشنبیریی لالش دەڵێت، "سبەی لە شاریا، دووسبەی لە خانکێ و دواتر لە دێرەبوونێ، دوو رۆژ دواتریش لە بنکەی لالش لە دهۆک دابەش دەکرێت."
 
لەبارەی ئەو کەسانەی مووچەیان هەیە، سەعید جەردۆ گوتی، "زیاتر لە سێ هەزار و 500 کوردی ئێزدی رزگارکراون، هەموویان دەتوانن فۆڕم پڕکەنەوە، ئەوانەی مووچەیان هەیە یان لە دەرەوەن و ئەوانەشی کە لێرەن، مانگانە 150 هەزار دینار وەردەگرن."
 
سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی رۆشنبیریی لالش دەڵێت، "ئەو 2300 کەسەی کە مینحە وەردەگرن، بەشی زۆریان ئافرەتن و ژمارەیان نزیکەی 1800 کەس دەبێت."
 
بە گوتەی سەعید جەردۆ، "لە خێزانێکدا، چەند رزگاربوو، هەبێت هەموویان مافیان هەیە لێی سوودمەند بن، ئەگەر لە خێزانێک دا 10 رزگاربووش هەبن، هەموویان وەریدەگرن."
 
ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی 01-03-2021، پەرلەمانی عێراق یاسای ژنانی رزگاربووی ئێزدی پەسندكرد. بە گوێرەی یاساکە، دەبێت سەرجەم رزگاربووانی دەستی داعش قەرەبووبکرێنەوە.
 
03-08-2014 چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر شنگال و دەوروبەری؛ لەو هێرشەدا 11 هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفێندران، کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێن کران.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 سەلاح دەروێش، سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی پێشڤەرۆ لە سووریا میوانی بووڵتنی دلبخوین دارا بوو

پارتی پێشڤەرۆ لە سووریا: شاندی یەکگرتووی کوردی 9 ئەندامی دەبێت

سکرتێری پارتی پێشڤەرۆ لە سووریا دەڵێت، تاوەکو ئێستا بانگهێشتنامەی فەرمییان بۆ بەشداری لە کۆنفرانسی نەتەوەیی پێنەگەیشتووە. گوتیشی، ''کۆنفرانسەکە تەنیا بۆ قبووڵکردنی بۆچوونێکی هاوبەشە لەنێوان لایەنەکان.''