قاچاخیکردن لە سنووری هەڵەبجە مەترسی بڵاوبوونەوەی زیاتری کۆرۆنای لێدەکرێت

08-03-2020
فواد حەقیقی
نیشانەکردن هەڵەبجە کۆرۆنا
A+ A-
رووداو - هەولێر 
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو جۆرە هاوردە و هەناردەیەکی لە سنوورەکان قەدەخە کردووە، بەڵام قاچاخچییەکان ویستیان نییە ملکەچی ئەو بڕیارە بن، ئەگەر بە نرخی تووشبوون بە کۆرۆناش بێت.
 
عەمید فەخرەدین عەبدوڵڵا، فەرماندەی لیوای سێی پاسەوانی سنووری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "قاچاخچییەکان لە سنوورەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێرانەوە مەڕوماڵات، پەلەوەر و پێداویستیی پزیشکی، لەوانە: حەب، دەمامک، دەرزی و ژیناو بە قاچاخ دەهێنن. ئەو پێداویستییانە بەزۆری لە پارێزگای کرماشانەوە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجەوە بە قاچاخ هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن".
 
لانیکەم دوو کەس لە ناوچە سنوورییەکانی جوانڕۆوە بۆ رووداویان پشتڕاستکردەوە، لە پارێزگاکانی دیکەی ئێرانەوە مەڕوماڵات دەهێنرێتە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای کرماشان و لەوێوە ئاودیوی هەرێمی کوردستان دەکرێن.
 
ئەو سەرچاوانە گوتیان، بۆ ئەم کارە هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران ئاسانکارییان بۆ هەندێ کەس کردووە، کە ناڕەزایەتی خەڵکی گوندی کەلوولی لە ناوچەی ئیمامییە لێکەوتەوە. ناڕەزایەتی ئەوان ئەوە بووە کە بۆچی رێگە بەوانیش نادرێ مەڕوماڵات بە قاچاخ ببەنە ناو هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەمە کاردانەوەی تووندی هێزەکانی سوپای پاسدارانی لێکەوتەوە، کە پاراستنی ئاسایشی ئەو ناوچەیە بە دەستی ئەوانە.
 
عەمید فەخرەدین عەبدوڵڵا دەڵێ: "لەگەڵ لایەنی ئێرانی هاوکاری و دانیشتمان هەیە، بەڵام ئەوان دەڵێن هەندێ شت رێپێدراوە بۆ هەناردە، بۆ نموونە ئاژەڵ. بەڵام ئەوان نکۆڵی لە هاتنی هەندێ شتیش دەکەن.
 
لە چەند رۆژی رابردوودا پاسەوانی سنوور لە هەڵەبجە دەستی بەسەر 50 سەر مەڕوماڵاتدا گرتووە و رۆژی شەممەش ئاسایشی هەڵەبجە دەیان سەر مەڕوماڵاتی دیکەی گرتووە. 
 
سەرچاوەکانی رووداو لە جوانڕۆ دەڵێن: "قاچاخچییەکان بە بارهەڵگر مەڕوماڵات دێننە سنوورەکان و لەوێوە بە قاچاخ هاوردەی هەرێمی کوردستانی دەکەن".
 
پارێزگای سنە کە دراوسێی پارێزگای کرماشانە هاوردەی مەڕوماڵاتی لە پارێزگاکانی ئێرانەوە قەدەخە کردووە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا.
 
د.عوسمان جەمال، پزیشکی ڤێتێرنەری لە سلێمانی بە رووداوی راگەیاند "دەکرێت کۆرۆنا لەڕێگەی مەڕوماڵاتەوە بۆ باشووری کوردستان بگوازرێتەوە، هەڵبەت لەڕێی هەناسەوە، نەک لەڕێی شیر یان گۆشتەکەی، چونکە ئەمانە زۆر دەکوڵێنرێن و ڤایرۆسی کۆرۆناش لە گەرمای زۆردا لەنێو دەچێت".
 
لیوای سێی پاسەوانی سنووریش رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، لە سنووری گوندی سەرگەتی سنووری هەورامان دوو هاووڵاتی ئێرانییان گرتووە کە ویستوویانە داودەرمان و کەلوپەلی پزیشکی قاچاخ ئاودیو بکەن.

 

لیوای سێی پاسەوانی سنوور: دوو کەسی ئێرانیمان دەستگیرکردوون کە ویستوویانە دەرمان و کەلوپەلی پزیشکیی قاچاخ ئاودیو بکەن

 
د.ئازاد، گوتەبێژی دەستەی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنای پارێزگای هەڵەبجە دەڵێت، مەترسی هەیە بەهۆی قاچاخەوە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان زیادبێت، بەڵام بەهۆی ئەو رێوشوێنانەی کە گیراونەتەبەر هێشتا هیچ حاڵەتێک لە پارێزگای هەڵەبجە تۆمارنەکراوە.
 
هەرێمی کوردستان رێوشوێنی تووندی لە سنوورەکان بۆ رێگری لە هاتنی قاچاخ گرتووەتەبەر، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کە لە ئێران لە ئاستی زۆر بەربڵاودا بڵاوبووەتەوە و پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیشی گرتووەتەوە.
 
ئەمە مەترسی ئەوەی دروستکردووە بوونی ئاڵوگۆڕی قاچاخی بازرگانی لە سنوورەکان رێگە بۆ هاتنی کۆرۆنا بۆ باشووری کوردستان بکاتەوە. عەمید فەخرەدین دەڵێت: سنوورێکی بەربڵاومان هەیە و کۆنترۆڵی هەمووی زەحمەتە، بەتایبەت کە هەندێ لە قاچاخچییەکان شەوانە کاڵا و کەلوپەل و مەڕوماڵات دەهێنن.
 
هۆکارێکی گرنگی ئەم ئاڵوگۆڕە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە نرخی تمەن لە چاو دینار و دۆلار زۆر نزمە و خەڵکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان قازانجی زۆرتریان دەستدەکەوێت.
 
بەگوتەی بەرپرسانی پارێزگای هەڵەبجە، پاسەوانی سنوور، پۆلیس و ئاسایشی هەڵەبجە پێکەوە هاوکاری یەکدی دەکەن بۆئەوەی رێگە لە قاچاخچییەکان بگرن و قاچاخیش زۆر کەمیکردووە. هەر کەسیش کاری قاچاخ بکات رادەستی دادگای دەکەن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێجیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە خێزانی عەمید فەرهاد دەکات

نێچیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە خانەوادەی عەمید فەرهاد دەکات

نێجیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە خانەوادەی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: "هاوسۆز و هاوخەمیانم".