گۆمە دەستکردەکانی گەرمیان کاریگەرییان کەمبووەتەوە؛ 'لە رووی دیزاینەوە هەڵەی زۆریان هەیە'

08-02-2025
هونەر حەمید
بەڕێوەبەری ئاودێریی گەرمیان دەڵێت، شارەکە پێویستی بە زیاتر لە 40 پۆند هەیە.
بەڕێوەبەری ئاودێریی گەرمیان دەڵێت، شارەکە پێویستی بە زیاتر لە 40 پۆند هەیە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گۆمە دەستکردەکان کە بۆ کۆکردنەوەی ئاو لە ناوچە وشک و نیمچە وشکەکانی گەرمیان دروستکراون، بۆ کشتوکاڵی و ئاژەڵداری سوودیان لێوەردەگیرێت، بەڵام  ئێستا رووبەڕووی چەندین کێشە بوونەتەوە و وایکردووە سوود و کاریگەرییەکەیان کەمبێتەوە.
 
عەبدولموتەلیب رەفعەت، مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان و پسپۆڕی ژینگە و ئاو لەبارەی شێوازی دروستکردنی گۆمەکان بە رووداوی راگەیاند، "پۆند و بەنداوە بچووکەکان دوو کێشەی سەرەکییان هەیە، یەکەم لە روووی دیزاینەوە هەڵەی زۆری تێدا دەکرێت، دووەمیان زۆرێک لە پۆند و بەنداوەکان دوای چەند ساڵێک بە قوڕ و لیتە پڕدەبنەوە، ئەوەیش وادەکات تەمەنیان بەرەو کۆتایی بچێت.
 
ئەو مامۆستایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گۆمەکان دەڵێت، "پێویستە ساڵانە حکومەت هاوکاریی خەڵک بکەن بۆ ئەوەی لە قوڕ و لیتە رزگاریان بکەن. ئەو ئاوەی کە لەنێو بەنداوەکان خەزن دەکرێت بتوانین ئەو کێشەی لە رووی وشکەساڵی یان گۆڕان کاریگەریەکانی کەشوهەوا روودەدەن، چارەسەریان بکەین، یان خۆمانی لەگەڵدا بگونجێنین."
 
لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، 18 گۆمی دەستکرد بوونیان هەیە، 10ـیان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دروستکراون، سێیان لەلایەن ڕێکخراوە ناحکومییەکانەوە و 5ـ دیکەیان لەلایەن هاونیشتمانییانەوە دروستکراون.
 
سەرخێڵ مەحمەد، شوانکارە و لەبارەی پێویستییان بە ئاو بە رووداوی راگەیاند، "وەڵا ئاومان بۆ ئاژەڵ پێویستە، هەندێک جار وشکەساڵییە بیرەکانمان ئاوی تێدانامێنێت، پێویستمان پێەتی ئەگەر بیکەن بۆمان."
 
مەحمود کەریم، جووتیارە و باس لەوە دەکات، "ئەو پۆند و بەنداوە بچووکانەی کە دروست دەکرێن بەڕاستی خەڵک سوودی لێ دەبینێت، ئێمە هیچمان نییە نە بەنداو، نە پۆندی بچووکمان هەیە، ئێمە هەر ئاومان نییە بەڕاستی کانی پەموو زۆر بێ ئاوە."
 
گۆمە دەستکردەکان، هەموو سێ بۆ 5 ساڵ جارێک پێویستیان بە پاککردنەوە هەیە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و کەمی تەرخانکردنی بودجە، ئەم پڕۆسەیە فەرامۆش کراوە.
 
موئەید ئەحمد، بەڕێوەبەری ئاودێریی گەرمیان لەبارەی ژمارەی ئەو پۆندانەی شارەکە پێویستییەتی بە رووداوی راگەیاند، "پێویستمان بە زیاد لە 40 پۆند هەیە. ئێمە خۆشبەختانە شوێنی زیاد لە 42 پۆندمان دیاری کردووە بۆ ئەوەی پۆندی تێدا دروستبکرێت، هەندێکمان ناردووە بۆ وەزارەتی دارایی و هەندێکیشمان بە دیزان ئامادەکردووە. ئومێد دەکەین دۆخی دارایی هەرێم باشبێت و بکەونە واری جێبەجێکردنەوە."
 
سنووری ئیدارەی گەرمیان بەهۆی بەرزی پلەی گەرمی و کەمی باران بارین بەراورد بە ناوچەکانی دیکە، پێویستی زیاتری بە گۆمی دەستکردە، تاوەکو ئێستا پشکنین بۆ 42 شوێن کراوە کە بۆ دروستکردنی پۆند گونجاون.  
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە