رووداو دیجیتاڵ
زۆربوونی تەنۆلکە پیسەکان لەنێو هەوای شاری هەولێر، وایکردووە ئێواران زووتر لە وادەی خۆی، شارەکە تاریک بێت.
پێش پیسبوونی هەوای هەولێر، ئەگەر لە سەیرانگەی دڵۆپەوە کە دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی هەولێر و بەسەر شارەکەدا دەڕوانێت، سەیری هەولێرت کردبا، ئێواران هەموو شارەکەت دەبینی؛ ئێستا رەوشەکە گۆڕاوە و تەنیا دووکەڵی رەش دیارە.
ئەو وێنانەی شاری هەولێر لە سەیرانگەی دڵۆپەوە لەنێوان کاژێر 04:00ـی دوانیوەڕۆ تاوەکو 05:00ـی ئێوارە گیراون، لە کاتێکدا ئێستا کاتی خۆرئاوابوون لە هەولێر لە دەوروبەری 05:00ـی ئێوارەیە، بەڵام وەک لە وێنەکان دا دیارە، هەولێر پێش ئەو وادەیە تاریک بووە.
ئەژی چەتۆ، سەرۆکی رێکخراوی فەلەکناسیی کوردستان بۆ رووداو پشتڕاستی کردەوە، "پیسبوونی هەوای هەولێر کاریگەریی هەبووە لەسەر ئەو رووناکییەی لە خۆرەوە بە شارەکە دەگات و بەو هۆیەشەوە ئاسمانی هەولێر ئێواران چەند خولەکێک زووتر لە وادەی خۆی، تاریک دەبێت."
ئەژی چەتۆ هەروەها دەڵێ "ئەمە رەنگدانەوەی لەسەر کوالێتیی وێنە فەلەکییەکانیش هەبووە کە بۆ خۆر دەگیرێن، بەتایبەتی لەکاتی مانگگیران یان خۆرگیران دا؛ ئەو دووکەڵە کێشەیەکی تەواو دروست دەکات."