سەرۆکی هەرێمی کوردستان: نابینە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر ئێران

08-01-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە کۆنسوڵخانەی ئێرانەوە بۆ رۆژنامەڤانان دوا و رایگەیاند پەیوەندیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران پەیوەندییەکی باشە و، "جەختیش دەکەینەوە لەوەی نابینە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر ئێران."
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (دووشەممە، 8-1-2024) لەدوای بەشداریکردن لە پرسەی قوربانییانی تەقینەوەکانی شاری کرمان لە کۆنسوڵخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
 
نێچیرڤان بارزانی گوتی "داعشی تیرۆرست، دیاردەیەکی ناوچەییە و لە ناوچەی ئێمەدا هەیە، لەگەڵ ئێران جەختمان لەوە کردووەتەوە؛ دەبێت بەردەوام بین لە هاوکاری و ئیشکردن لەگەڵ یەکتر بۆ بنبڕکردنی ئەو تیرۆرستانە."
 
پێش ئەو کۆنگرە رۆژنامەڤانییە و له‌ ديدارێكدا له‌گه‌ڵ كۆنسوڵى گشتيى ئێران، سەرۆکی هەرێمی کوردستان وێڕاى گه‌ياندنى پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى و هاوخه‌ميى هه‌رێمى كوردستان به‌ سه‌ركردايه‌تى، حكومه‌ت و گه‌لى ئێران، پرسه‌نامه‌يه‌كى له‌ تۆمارى پرسه‌دا نووسى و ئاماژه‌ى به‌وه‌ كرد له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان وه‌ك قوربانيى ده‌ستى تیرۆر، باشتر له‌ خه‌م و په‌ژاره‌ى خانه‌واده‌ و كه‌سوكارى قوربانييان تێده‌گه‌ن و وێڕاى هاوسۆزى و هاوخه‌مى، هيواى زوو چاكبوونه‌وه‌ى بۆ برينداران خواست.
 
لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "بە بیری خۆمان دەهێنینەوە؛ لەم چەند ساڵەی رابردوودا، كە داعش هات، كۆماری ئیسلامیی ئێران یارمەتیی عێراق و یارمەتیی هەرێمی كوردستانی دا و دووپاتمان لەوە كردەوە و سوپاسمان كردن بۆ هەموو ئەو یارمەتییانەی پێشكه‌ش به‌ عێراق و هەرێمی كوردستانیان كردووە."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختیشی کردەوە لەوەی "ئێمە، لە رابردوو و ئێستاش تەئکیدمان لەوە کردووەتەوە؛ بەهیچ شێوەیەک نابینە سەرچاوە هەڕەشە بۆ سەر دراوسێکانمان بەتایبەتیش بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران."
 
پرسەکەی کۆنسوڵخانەی ئێران لە هەولێر بۆ قوربانییانی دوو تەقینەوەکەی دوانیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە (03-01-2024)ـی شاری کرمانە، کە لە نزیک گۆڕی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و لە کاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی چوارەمین ساڵیادی کوژرانی، روویاندا و بەهۆی تەقینەوەکان تائێستا 91 کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
محەممەد سابری، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی شاری کرمان رۆژی شەممە رایگەیاندبوو "جگە لەوانەی گیانیان لەدەستداوە، ئێستا 103 کەس لە بریندارانی رووداوەکە لە نەخۆشخانەکاندا خەوێندراون."
 
رۆژێک دوای تەقینەوەکان، داعش بەرپرسیاریێتیی خۆی لێیان راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، تەقینەوەکان بە پشتێنی بۆمبڕێژکراو لەلایەن دوو خۆکوژەوە کراون. رۆژی هەینی، وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران لە راگەیێندراوێکدا گوتی "لەو دوو تیرۆریستەی خۆیان تەقاندووەتەوە، یەکێکیان هاووڵاتی تاجیکستانە و ناسنامەی تیرۆریستەکەی دیکە تاوەکو ئێستا یەکلایی نەبووەتەوە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست لە سلێمانی لەبارەی دواکەوتنی مووچەیان

نوێنەرێکی مامۆستایانی گرێبەست: دەبێت لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە مووچەمان دابەش بکرێت

نوێنەرێکی مامۆستایانی گرێبەست دەڵێت، ''دەبێت وەزارەتەکانی پەروەردە و دارایی روونکردنەوە بدەن کە بۆچی ئەمڕۆ مووچەمان دابەشنەکرا؟''؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ''نابێت دابەشکردنی مووچەمان یەک کاژێر لە لیستی مووچەی وەزارەتی پەروەردە دوابکەوێت.''