رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەڵێت، لە رێگەی لیژنەوە پێشوازی لەو هاونیشتمانیانە دەکەن دەگەڕێنەوە عەفرین و تاوەکو ئەمڕۆ 4,100 کەس گەڕاونەتەوە. دەشڵێت، بەشێک لە عەرەبی هاوردە ماڵی کوردان چۆڵ ناکەن.
رەواج حاجی، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەمڕۆ شەممە، 07-12-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە رێگەی دوو لیژنەوە پێشوازی لەو کوردانەی عەفرین دەکەین کە لە شەهباوە دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان".
جگە لە پێدانی خواردنی خێرا، لیژنەی تەندروستی رێکخراوی بارزانی ئەو هاونیشتمانیانە دەبینن دەگەڕێنەوە عەفرین، هەروەها ناویان تۆمار دەکەن بۆ ئەوەی دواتر هاوکاریی زیاتریان بکەن.
رەواج حاجی دەڵێت: "تاوەکو ئەمڕۆ 839 خێزان گەڕاونەتەوە، کە ژمارەیان چوار هەزار و 100 کەسن".
ئەندامەکەی دەستەی کارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی گوتی: "ئەو کوردانەی دەگەڕێنەوە بەشێکیان بۆ نێو عەفرین و هەندێکیشیان گوند و ناحیەکان، بەشێک لەوان بۆ نیشتەجێبوونیان کێشەیان لەلایەن عەرەبە هاوردەکانەوە بۆ دروستکراوە".
رەواج حاجی گوتی، بەشێکی عەرەبی هاوردە لە لازقیە، دێرەزوور، حەلەب و ناوچەکانی دیکەوە تاوەکو ئەمڕۆ لە سنووری عەفرین لە ماڵی کورددا جێگیرکراون، بەشێکیان دەگەڕێنەوە بەڵام هەندێکیان ئامادەنین بگەڕێنەوە. گوتیشی: "هیچ کەسێک لە کەمپدا نییە، ئەوانەی ماڵیان ئامادە نییە لە ماڵی کەسوکاریاندان".
لە سنووری قەزای عەفرین 6 ناحیە و 366 گوند هەن، لەدوای داگیرکردنی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنەوە تاوەکو ئەمڕۆ، زۆرینەی دانیشتووانی ئەو ناوچانە لە ئاوارەیدا دەژین و ئامادە نین بگەڕێنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ