رووداو دیجیتاڵ
لاهوور شێخ جەنگی دەڵێت، دەبێت کورد دۆخی سووریا وەکو هەلێک بقۆزێتەوە. هاوکات پەیامێک ئاراستەی پەکەکە دەکات: وەرگرتنی شەرعییەت بۆ دۆزی کورد لە ئایندەی سووریا "سیاسەتی عەقڵانی" دەوێت. بە پارتی دیموکراتی کوردستانیش دەڵێت: "هاوسنووری رۆژئاوای کوردستانن و ئەرکی گەورەتان لە ئەستۆدایە".
لە پەیامێکدا کە رۆژی شەممە، 07-12-2024، بڵاوی کردووەتەوە، لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل رایگەیاندووە، دۆخی سووریا لە ئاستی کاریگەردا پەیوەندی بە خەڵکی کوردستانەوە هەیە و لە رووی جوگرافیشەوە ئاسایشەکە بەستراوەتەوە بە وڵاتانی دراوسێیەوە بەتایبەت عێراق.
سەرۆکی بەرەی گەل لە پەیامەکەیدا باس لەوە دەکات: "ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە وەک نەتەوەی کورد، ئەزموونە درەوشاوە و ئیلهمابەخشەکەی براکانمانە لە رۆژئاوای نیشتمان، کە ئێستا بەهۆی دۆخی سووریاوە کەوتوونەتە بەردەم ئاڵنگاریی نوێ."
لاهوور شێخ جەنگی، پشتیوانیکردن لە رۆژئاوای کوردستان بە "خەباتی نەتەوەیی دەزانێت و دەڵێت: "دەبێت بە رۆحێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی بەرزەوە هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوە بێت ئەزموونی کورد لە رۆژئاوا بپارێزرێ و بەرەوپێش بچێ و پاشەکشە نەکات".
سەرۆکی بەرەی گەل پێی وایە "جیاوازییەکی زۆر گەورە" هەیە لە نێوان (پشتیوانی و هاوسۆزی) لەگەڵ (دەستتێوەردانی نەرێنی)، و جەختدەکاتەوە: کە "دەبێ بەو رادەیەی پشتیوان و هاوکار و هاوسۆزی براکانمانین لە سووریا، بە هەمان رادەش خۆمان بپارێزین لە دەستێوەردان و بارگاویکردنی ئەزموونی رۆژئاوا بە هیچ جۆرە ئەجێندایەکی سیاسیی و ئایدۆلۆژی."
لاهوور شێخ جەنگی روو لە پەکەکە دەڵێت: "گرنگە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئەو راستییە بزانێت، کە وەرگرتنی شەرعیەت بۆ دۆزی کورد لە رۆژئاوا و ئایندەی سووریادا پێویستی بە سیاسەتێکی واقعیانە هەیە و دەبێ تێگەیشتنی قووڵیان لەو رووەوە هەبێت و جیاوازییەکانیان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە نەبێتە کێشە بۆ کۆی ئەزموونی رۆژئاوای کوردستان."
لەبارەی هاوکاریکردنی رۆژئاواش، کە بە ئەرکی دەزانێت، لاهوور شێخ جەنگی پەیامێک ئاراستەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات: "ئەرکی هەموومان بەرامبەر دۆخی سووریا و گۆڕانکارییەکانی گرنگ و گەورەن و دەبێ لێی تێبگەین. لەوچوارچێوەیەدا بەرپرسیاریێتی پارتی دیموکراتی کوردستان وەک هێزێک کە هاوسنووری رۆژئاوایە گەورەیە و ئەرکی گرنگیان لە ئەستۆدایە، دەبێ رۆحی نەتەوەیی و نیشتیمانی زاڵ بکەن بەسەر حیزبایەتیی بەرتەسکدا."
هێزەکانی سووریای دیموکرات نزیکەی 40٪ی خاکی رۆژئاوای کوردستانیان بەدەستەوەیە. هەر یەک لە پارێزگاکانی حەسەکە و بەشێکی رەقە و درێرەزوور لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەو هێزەدان، لەگەڵ دوو گەڕەکی کوردنشینی حەلەب.
لاهوور شێخ جەنگی لەبارەی سیاسەتی داهاتووی کورد لە سووریا باس لەوە دەکات: "پێویستە کورد بە بەرگێکی نەتەوەیی، نیشتیمانیی و فکرێکی نوێی گەورەتر لە ئایدۆلۆژیا و بەرزتر لە حیزب، (هەر حزبێک) لە مەیدانی گۆڕانکارییەکانی سووریادا بێت و ئەو دەرفەتە مێژوییە لە سووریا بقۆزێتەوە و لەدەستی نەدات، چونکە مێژوو هەمیشە چانس و دەرفەتی زێڕینی ئاوا دەگمەنی تێدا ناخولقێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ