دەست بەسەر ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکاندا دەگیرێت؟

07-12-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ هیچ ئۆتۆمبێلێک بەهۆی ئەوەی بێ سەرەتایە لە هەرێمی کوردستان دەستی بەسەردا نەگیراوە. لە بازگەکانی سلێمانی رێگەیان پێ نادرێت ببرێنە نێو شار، لە هەولێریش بڕیاری دەستبەسەردا گرتنیان نییە.
 
رۆژی 2ـی ئەم مانگە لیژنەی باڵای ئەمنیی پارێزگای سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و هەڵگری ژمارەی ساختە و جام ڕەش "خەریکە" دەبێتە دیاردە، بۆیە بڕیاریانداوە "دەستیان بەسەردا بگرن".
 
ئەمڕۆ شەممە، 07-12-2024، ئەفسەرێک لە هاتووچۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا ئۆتۆمبێلێک دەستی بەسەردا نەگیراوە بەهۆی نەبوونی سەرەتا و تۆمارنەکردنەوە، مەگەر رووداوێکی کردبێت یان سەرپێچییەکی هاتووچۆ".
 
ئەو ئەفسەرە گوتی: "زۆرینەی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان لە دەرەوەی سەنتەری شاری سلێمانین، ئەگەر بیانەوێت بێنە سلێمانی لە بازگەکان دەگەڕێندرێنەوە، لە شەقامەکانیش ببیندرێن ئاگادار دەکرێنەوە جارێکی دیکە نەبرێنە شەقام و تاوەکو ساڵی نوێ لە هەرێمی کوردستاندا بیانبەنە دەرەوە".
 
هەر ئەمڕۆ موقەدەم سامان عەلی، گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هیچ بڕیارێکی فەرمی بۆ ئێمە نەهاتووە دەست بەسەر ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتادا بگرین، کە ناسراون بە مەلیکە. تاوەکو فەرمانیشمان بۆ نەیەت هیچ مەفرەزەیەکمان بۆ ئەوە نابێت".
 
هاتووچۆی سلێمانی لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردبوو، خاوەنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان دەتوانن ئۆتۆمبێلەکانیان ببەنە دەرەوەی هەرێمی کوردستان.
 
هەر ئەمڕۆ بەرپرسێکی باڵا لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەم سنوورە ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا زۆر کەمە و تاوەکو ئەمڕۆش دەستیان بەسەردا نەگیراوە. هیچ بڕیارێکی فەرمیشمان نییە بۆ دەستبەسەردا گرتنیان".
 
لە دوو مانگی رابردوو وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هیچ نووسراوێکی فەرمی و تایبەتی نەبووە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ و داوا بکات، دەستبگرن بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە "مەلیکە و شاهینە" ناسراون.
 
30ـی ئاداری 2023 بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان دەستیکرد بە پشکنینی بۆ ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان و بە تایبەت ئەوانەی پێیاندەگوترێت مەلیکە و بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام بوو. بەگوێرەی ئەنجامەکەی، "زۆرینەیان شیاوی بەکارهێنان نین".
 
لە هەرێمی کوردستان تەنیا رێگە بە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێلی نوێ دەدرێت. بێ سەرەتاکان مۆدێلیان خوار مۆدێلی رێگەپێدراوە.
 
ئەو ئۆتۆمبێلانەی پێیاندەگوترێت بێ سەرەتا و تۆمار ناکرێن ئەوانەن، کە بە قاچاخ و لە دەروازەکانەوە هێندراونەتە هەرێمی کوردستانەوە و مۆدێلیان خوار مۆدێلی رێگەپێدراوە و لە دەروازەکاندا هیچ پشکنیێکیان بۆ نەکراوە.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە