سێوی بەرواری باڵا بەهۆی هاوردەی سێوی بیانییەوە لە بازاڕەکان دا ساخنابێتەوە

07-11-2024
هونەر رەشید
سێوی بەرواری باڵا.
سێوی بەرواری باڵا.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سێوە بەتامەکەی بەرواری باڵا بەهۆی بێ بازاڕی و هاوردەی سێوی بیانی بێناز ماوەتەوە. بەشێکی جووتیاران لێی ناکەنەوە و لەژێر دارەکان دەڕزن. 
 
بەهۆی نەبوونی بازاڕ بۆ سێوەکانی، بەپێی وەرزی رنین لێیانناکاتەوە. دەکەونە ژێر درەختەکانەوە و دەڕزێن. ماجد مایی یەکێکە لەو سەدان جووتیارانەی دەڤەری بەرواری باڵا کە کێشەی نەبوونی بازاڕی بەرهەمە خۆماڵییەکەیانی هەیە. 
 
ئەو دەڵێت، بەهۆی هاوردەی سێوی بیانی بۆ هەرێمی کوردستان، کاریگەری لە بازاڕی سێوی خۆماڵی کردووە. 
 
ماجد مایی، جووتیارە و دەڵێت: "ئەم سێوانەمان کەوتوون. ئێمە کۆشیان دەکەینەوە، بەڵام نرخی خۆیان ناکەنەوە. پارەی ئەوە ناکەن بە پیکئاپەوە بیبەینە بازاڕ و بیفرۆشین. بۆچی؟ چونکە بێ بەهایە. دوو سێ هۆکار بۆ ئەوە هەن؛ یەکێکیان ئەوەیە کە بازاڕ لێمانەوە دوورە. کرێی خەرجیی ئۆتۆمبێلەکەمان بۆ دەرناکات. جگە لەوەش، سێوی بیانی هاوردە دەکرێت. ئەویش کێبڕکێ لەگەڵ بەرهەمی سێوەکەمان دەکات. هەربۆیەش، تەماشا بکە، کۆیان دەکەینەوە و دەیبەینە بازاڕ هیچ بەهایەکی نییە." 
 
لە عەلوەی میوە، پار کیلۆیەک سێوی خۆماڵی بە 700 بۆ هەزار دینار بوو. ئەم ساڵ بەگوێرەی جوانی و کوالێتیی سێوەکە لە 100 دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 600 دینار. 
 
سێوی ئێرانی بە 650 دینار دەفرۆشرێت و کاریگەریی لە بەهای سێوی خۆماڵی کردووە. 
 
زێرەڤان بەرواری خاوەنی عەلوەی میوەیە و دەڵێت: "سێوی بە کوالێتیشمان هەیە و سێوی کەم کوالێتیشمان هەیە. ئەگەر سێوی ئێرانی هاوردە نەکرابا، جووتیار سێوە کەم کوالێتییەکەی بە 300، 400 و 500 دینار دەفرۆشت ئەو سێوەی کە کەوتووەتە ژێر درەختەوە. سێوە بەکوالێتییەکەشی بە 700 دینار دەفرۆشت. بەڵام ئێستا فرۆشی نییە. سوێند بەخوا سێوی زۆر جونیشمان هەیە." 
 
بازاڕی سێوی خۆماڵی و بیانی لەلای دووکاندارەکان زەوی و ئاسمان لێک دوورە. ئەوان دەڵێن، سێوی بیانی  سەر و بنی سندووقەکە وەکو یەکە، بەڵام سێوی خۆماڵی جووتیارەکان باش و خراپەکان تێکەڵ دەکەن. جاری وا هەیە سێوە باشەکان تەنیا لە سەرەوەی سندووقەکە دادەنێت. 
 
ئومێد محەممەد، خاوەنی دووکانێکی میوەیە و دەڵێت: "ئەمانە هەمووی یەک نرخیان نابێت. تەماشا بکە، هەندێکیان جوانن، هەندێکیان جوان نین. مخابن نییە ئەمانەیان تێکەڵ کردوون؟ ئەمانەی کە سێوی جوان نین نافرۆشرێن. ئەگەر کیلۆی بە 250 دیناریش بدەم، کەس نایەوێت. لەبەر دەرگا فڕێدەدرێت. ئەوەی دیکەیان زۆر جوانە. تەماشا بکە. هۆکاری سەرەکی کە بازاڕی جووتیاران ئەوهای لێبێت و بەرهەمەی ساخنەبێتەوە، ئەوانەی لە عەلوەش کاردەکەن و جووتارانیش دەزانن کە ئەو جووتیارەی بە جوانی رێکیدەخات و سەر و بنی سندووقەکە وەکو یەک بن، بەبێ ئەوەی پشکنینی بۆ بکەین لێی دەکڕین. بە هەر چەندێک بێت لێیان دەکڕین." 
 
وەزارەتی کشتوکاڵ لە 15ـی ئابی ئەم ساڵ تا 1ـی مانگی کانوونی یەکەم باجی داناوەتە سەر هاوردەکردنی سێوی بیانی. بۆ هەر کیلۆیەک 750 دیناری وەکو باج داناوە. بەڵام ئێستا لە بەشێک لە عەلوەی میوە بە بەهای 650 دینار دەفرۆشرێت. 
 
ئەمجەد عوبەید، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک دەڵێت: "ساڵانە ئێمە وەکو وەزارەتی کشتوکاڵ هەندێک بەرهەم قەدەخە دەکەین و باج دەخەینە سەر هەندێ بەرهەم. لەراستیدا بابەتی سێو، ئێمە چەندین جار وەکو بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ داوامان لە وەزارەتی کشتوکاڵ کردووە قەدەخە بکرێت، بەڵام ئەوان دەڵێن، دەکرێت ئەو بەرهەمە خۆماڵییەی هەمانە بەشی بازاڕ نەکات یانیش نرخەکەی لەسەر هاووڵاتییان زۆر گران بێت. هەربۆیەش، باج لەسەری دانراوە. ئەو سێوەی دێتە ناو بازاڕ بە رێگەی نایاسایی دێتە بازاڕەوە." 
 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە