ئەو یاریزانەی لە یاریگەیەکی کەلار لە سەگێکی دا: هەڵەیەکی گەورەم کرد و داوای لێبووردن لە خودا دەکەم

07-06-2023
هیدایەت جان
تاریق کەریم، ئەو یاریزانەی بە شەق لە سەگەکەی دا و دیمەنی ساتی لێدان لە سەگەکە لەنێو یاریگە [لە دەستە چەپی وێنەکە]
تاریق کەریم، ئەو یاریزانەی بە شەق لە سەگەکەی دا و دیمەنی ساتی لێدان لە سەگەکە لەنێو یاریگە [لە دەستە چەپی وێنەکە]
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەو یاریزانەی لە یاریگەیەکی کەلار بە شەق لە سەگێکی هەڵدا، داوای لێبووردن دەکات و دەڵێت، "گوشارم لەسەربووە و دان بەوەدا دەنێم کە هەڵە بووم." لیژنەی تیپە میلییەکانی کەلاریش رایدەگەیێنێت، "کارەکەی زۆر نامرۆڤانە بووە، ئێمە سزامان داوە، بەڵام لەبەر ئەوەی داوای لێبووردنی کردووە، داوا دەکەین خەڵکیش لە هەڵەکەی خۆشبن."
 
رۆژی سێشەممە 6ی حوزەیرانی 2023 لە یاریی نێوان تیپی شاکەلیی رزگاری و نەورۆزی کەلار سەگێک دەچێتە نێو یاریگەکەوە و یاریزانێک بە هەموو هێزی خۆی، بە شەق لە سەگەکە هەڵدەدات، رەفتاری ئەو یاریزانە بووە هۆی ئەوەی کاردانەوەیەکی بەرفراوانی لەلایەن ئاژەڵدۆستان و یاریزانانەوە لێبکەوێتەوە و لیژنەی تیپە میلییەکان وەکو سزایەک بەرامبەر ئەو کارەی، بۆ ماوەی ساڵێک لە یاریکردن دووری دەخەنەوە.
 
رۆژی چوارشەممە 7ی حوزەیرانی 2023 تاریق کەریم، ئەو یاریزانەی بە شەق لە سەگەکەی هەڵدا، لە گەرمیان بە هونەر حەمید، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سەگەکە زۆر لەنێو یاریگەکەدا مایەوە و منیش گوشاری یارییەکەم زۆر لەسەربوو و ئاگام لە خۆم نەبوو، بۆیە ئەو هەڵەیەم کرد، داوای لێبووردن دەکەم و دەمەوێت خوا لێم خۆشبێت بۆ ئەو هەڵەیەی کردم."
 
ئەو یاریزانە پەشیمانە لەو رەفتارەی بەرامبەر سەگەکە نواندوویەتی و بە "هەڵەیەکی زۆر گەورە" ناوی دەبات کە لە دوێنێوە خەیاڵی داگیر کردووە و دەشڵێت، "ئێستا سەگەکە باشە و ئامادەم لە بەرامبەر ئەو رەفتارەی لەگەڵی کردوومە، خزمەتی بکەم بۆئەوەی دڵم دامرکێتەوە."
 
لیژنەی تیپە میلییەکان وەکو سزایەک بەرامبەر ئەو رەفتارەی تاریق کەریم، بڕیاریدا بۆ ماوەی ساڵێک لە یاریکردن دووریبخاتەوە و وەکو محەممەد عەلی ئاماژەی پێدەدات، "بەپێی یاسا و رێنوێنییەکانی لیژنەی باڵای تیپە میلییەکانی گەرمیان، بڕیارمان دا تاریق کەریم بۆ ماوەی یەک ساڵ لە یاری دووربخەینەوە، بۆئەوەی رەفتاری لەو شێوەیە لە یاریگەدا دووبارە نەبێتەوە."
 
محەممەد عەلی دووپاتی دەکاتەوە، پەشیمانبوونەوەی یاریزانەکە بڕیاری لیژنەکەیان ناگۆڕێت، "مادام ئەو یاریزانە دانی بە هەڵەکەیدا ناوە و ئامادەی ئەوە بووە داوای لێبووردن بکات، داوا لە وەرزشدۆستان و هاووڵاتییان دەکەم بە رۆحێکی وەرزشییەوە داوای لێبووردنەکەی لێ قبووڵ بکەن."
 
بە گوتەی محەممەد عەلی، "ئەوەی روویداوە رەفتارێکی نامرۆڤانە بووە، بەڵام پەشیمانە لەو رەفتارەی و بەڵێنی داوە لانە بۆ ئەو سەگە دروستبکات و بۆ ماوەی سێ مانگ خزمەتی بکات، ئێمەش داوا لە خەڵک دەکەین بە گەورەیی خۆیان لێی خۆشبن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."