رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە دووکاندارانی بازاڕی قەیسەریی مێژوویی شاری هەولێر ناڕازین لە کوالێتیی کارەکانی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکە. ئەوان پێیان وایە بەڵێندەری پڕۆژەکە و وەستاکانی، وەک پێویست کارەکانیان ئەنجام نەداوە و چەندین کێشە و کەموکوڕی لە کارەکاندا بەجێماوە.
یەکێک لە سەرەکیترین گلەییەکان پەیوەستە بە کاری گەچکارییەوە. دووکانداران باس لەوە دەکەن کە وەستاکانی گەچکاری شارەزایی پێویستیان نەبووە و کارەکانیان زۆر خراپە. بە جۆرێک کە قەوس و خوارییەکی زۆر و دیار لە دیوار و بنمیچی دووکانەکاندا بەدی دەکرێت، کە ئەمەش شێوازی ناوەوەی دووکانەکانی ناشرین کردووە.
جگە لەوە، نیگەرانییەکی دیکە سەبارەت بە سیستمی ئاو و ئاوەڕۆی نێو بازاڕەکەیە. بەهۆی دانانی ناڕێک و خواریی کاشییەکانی زەوییەوە، لە هەندێک شوێندا ئاو کۆدەبێتەوە و رادەوەستێت، ئەوەش کێشە بۆ هاتووچۆ و پاکوخاوێنی دروست دەکات.
هەروەها، شێوازی دانانی بۆرییەکانی ئاوەڕۆ لە دەرەوەی دووکانەکان و لە ژێر بەربەست و قەوسەکانی ناوەوە، بووەتە جێی رەخنە. بە گوتەی دووکانداران، ئەم شێوازە سیمایەکی ناشرین و ناڕێکی بە بازاڕە دێرینەکە بەخشیوە و لەگەڵ بەها مێژوویی و تەلارسازییەکەی ناگونجێت.
ئەم دووکاندارە ناڕازییانە داوا دەکەن کە لایەنی پەیوەندیدار بەدواداچوون بۆ ئەو کێشانە بکات و هەوڵی چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان بدات بۆ پاراستنی سیمای جوان و مێژوویی قەیسەری هەولێر.
رۆژی چوارشەممە، 19ـی ئاداری 2025، سەنگەر محەممەد، سەرپەرشتیاری نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کارکردن لە هەردوو بەشی نوێ و شوێنەوارییەکەی بازاڕی قەیسەری تەواو بوو، کە بە کۆی گشتی 270 دووکان بوون، تەنیا هەندێک وردەکاری ماوە کە پەیوەندی بەخۆیانەوە هەیە و جوانکارییە."
شەوی 5-5-2024، ئاگر لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە، 270 دووکان سووتان، لە تەممووزی هەمان ساڵدا دەستکرا بە نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکە و ماوەی ساڵێکی بۆ دیاریکرا، بەڵام لە ماوەی 8 مانگدا هەموو دووکانەکان نۆژەنکرانەوە.