شارەوانیی کەرکووک: هیچ مەترسییەک بۆ رووخاندنی خانووە زێدەڕۆکان نییە

07-04-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دوای ئەوەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکانی عێراق فەرمانی بە هەموو پارێزگاکان [جگە لە کەرکووک] کرد رێکارە یاساییەکانی تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان دەستپێبکەن، هاونیشتمانیانی شارەکە مەترسیی ئەوەیان هەیە خانووەکانیان تێکبدرێت. بەڵام سەرۆکی شارەوانیی کەرکووک لە رێگەی رووداوەوە دڵنیایی دەدات.
 
ئەحمەد عومەر، سەرۆکی شارەوانیی کەرکووک، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوای نووسراوەکەی عێراق بۆ پارێزگاکان جگە لە کەرکووک، "ئێستا لیژنەکانمان سەرقاڵن کە بڕیارەکە پارێزگای کەرکووکیش جێبەجێ بکرێت".
 
نووسراوەکەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکانی عێراق، جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارەی 20ـی ساڵی 2025ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە، بەڵام پارێزگای کەرکووکی لێ بەدەر کراوە.
 
لە کەرکووک 11 گەڕەک بە زۆرینە خانووی زێدەڕۆ دادەنرێن، هەشت گەڕەکیان دانیشتووانەکەی کوردن و ئەوانی دیکەش تورکمان و عەرەب.
 
سەرۆکی شارەوانیی کەرکووک لەبارەی مەترسی لەسەر خانووە زێدەڕۆکانی شارەکەوە گوتی: "مەترسیی رووخان نییە و کار دەکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان".
 
بڕیارەکەی حکومەتی عێراق بۆ ئەوانەیە زەوییەکانیان کشتوکاڵین و خانوویان لەسەر دروستکراوە. ئەحمەد عومەر دەڵێت: "بڕیاری تاپۆکردنەکە جێبەجێش بکرێت کورد هەمووی سوودمەند نابێت، چونکە چەند گەڕەکێکی کوردنشین هەن زەوی وەزارەتی بەرگرین و ئەوانیش ئامادە نین یەک مەتر بۆ نیشتەجێبوون تاپۆ بکەن".
 
ئەو گەڕەکە کوردنشینانەی سوودمەند دەبن لە بڕیاری تاپۆکردنی خانووەکانیان لە ئەگەری جێبەجێکردندا ئەمانەن: پەنجە عەلی، بارووتخانە، دەروازە، شۆراو، فەیلەق، نەورۆز، سێکانیان و گورگەچاڵ؛ هەروەها گەڕەکی بەدر و حەمزەلی بۆ تورکمانەکان و سەیادەش بۆ هاووڵاتیانی عەرەب.
 
سەرۆکی شارەوانی کەرکووک گوتی: "گەڕەکە تورکماننشین و عەرەبنشینەکان، ئەگەر خانووەکان تاپۆ بکرێن 90%یان سوودمەند دەبن، چونکە زەوییەکانیان کشتوکاڵین. بەڵام کورد نزیکەی 60%ـی زەویی کشتوکاڵین و سوودمەند دەبن".
 
ساڵی 2023، لە کەرکووک بۆ ماوەی سێ مانگ مامەڵەی تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ لەلایەن شارەوانییەوە لە خەڵک وەرگیرا و زیاتر لە 90 هەزار خانوو تۆمارکران، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ هیچیان تاپۆ نەکراون.
 
دوای رووخانی دەسەڵاتی بەعس لە ساڵی 2003، هاونیشتمانییەکی زۆر گەڕانەوە زێدی خۆیان و لە گەڕەکی نوێ و گەڕەکە کۆنەکانی کەرکووک خانوویان دروستکرد، دوای ماوەیەک ئەو خانووانە بە زێدەڕۆ ناسێندران.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە