رووداو دیجیتاڵ
دوو بژمێر و هاوەڵێکیان لەکاتی کارکردنیان لە ناحیەی کەسنەزان، ئۆتۆمبێلێک لێیدان. سەرپەرشتیاری ئاماری سنووری کەسنەزانیش دەڵێت: دۆخی تەندروستییان جێگیرە و نێردراونەتە ماڵەوە.
ئەمڕۆ هەینی، 6ـی کانوونی یەکەمی 2024، شەهلا محەممەد، سەرپرشتیاری ئاماری سنووری کەسنەزان بە رووداوی گوت: "نزیکی کاژێر 02:00ـی دوو بژمێری ئافرەت و خوشکی یەکێکیان کە هاوەڵیان بووە لە کارکردنیان لە تەلار سیتیی ناحیەی کەسنەزان؛ ئۆتۆمبێلێک لێیدان و هەرسێکیان برینداربوون کە برینی یەکێکیان سەختە."
شەهلا محەممەد گوتی: "ئۆتۆمبێلەکە لە جۆری بی ئێم دەبلیوو بووە و بێ سەرەتا بووە، لەو کۆڵانەی کە بژمێرەکان ماڵەکان گەڕاون درێفتی کردووە و سووکانی لەدەست دەرچووە، بەهۆی بەهێزی لێدانەکە یەکێک لە بژمێرەکان سەری بە سەختی برینداربووە."
بە گوتەی سەرپرشتیاری ئاماری سنووری کەسنەزان، "هەرسێ بریندارەکە خەڵکی ناحیەی دارەتوون و دوای رەوانەکردنیان بۆ نەخۆشخانە و وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، ئێستا تەندروستییان جێگیرە و هەرسێکیان نێردراونەتە ماڵەوە، خێزانی بریندارەکانیش لە نەخۆشخانەکە گوتویانە کە لە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە خۆشدەبن و سکاڵای لەسەر تۆمارناکەن."
لە 30-10-2024ـەوە، قۆناخی سێیەمی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە، بڕیارە تاوەکو 15-12-2024 بەردەوام بێت.
لەم قۆناخەدا 21 هەزار بژمێر و زیاتر لە 8 هەزار بەڕێوەبەر، جێگرەکانیان و راهێنەران تێیدا بەشدارن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ