رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان لە سنووری چەمچەماڵ و کەلار، ناوی ئەو کەسانە تۆمار دەکات کە خۆیان بە کەسوکاری ئەو 171 رووفاتە دەزانن، کە لە گۆڕێکی بەکۆمەڵی سەماوە دۆزرانەوە و ئێستا لە دادپزیشکی بەغدان، بۆ ئەوەی لە رێگەی پشکنینی DNAیەوە رووفاتەکان بناسرێنەوە و بگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ دووشەممە، 6ی تشرینی دووەمی 2023، هابیل ئەحمەد، بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ بە رووداوی گوت: "وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان، لەگەڵ چەندین رێکخراو و لایەنی پەیوەندیدار لە هەرێمی کوردستان و بەغدا، گفتوگۆی کردووە لەبارەی ئەو 171 رووفاتەی ئەنفالەکان، کە لە سەماوە لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا دۆزراوەنەتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا بڕیاردرا، لەماوەی 15 رۆژدا ناوی ئەو کەسانە بۆ پشكنینی DNA تۆماربکرێت کە خۆیان بە کەسوکاری رووفاتەکان دەزانن، بۆ ئەوەی دوای ناسینەوەیان بگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان."
لە مانگی ئابی 2019 دا، لە سەماوە گۆڕێکی بەکۆمەڵ هەڵدرایەوە کە 171 رووفاتی تێدابوو، رووفاتەکان پێکهاتبوون لە 97 ژن و 74 منداڵ، دواتر رووفاتەکان گواسترانەوە بۆ دادپزیشکی بەغدا، لەو کاتەوە رێکارەکانی ناسینەوە و هێنانەوەیان تەواو نەبووە.
رۆژی 26ی تشرینی یەکەمی 2023، وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان، ماوەی 15 رۆژی دیاریکرد بۆ تۆمارکردنی ناوی ئەو کەسانەی خۆیان بە کەسوکاری رووفاتەکان دەزانن، بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ دەڵێت، "جگە لە مۆنۆمێنتەکەی ئێمە، پرۆسەی ناو تۆمارکردن لە بەڕێوەبەرایەتی شەهیدانی کەلاریش بەڕێوەدەچێت، چاوەڕێین دوای ناو تۆمارکردنی کەسوکارەکانیان، پشکنینی DNAیان بۆ بکرێت و دواتر ئەنجامەکان رابگەیێندرێن."
هابیل ئەحمەد دەڵێت: "لە رابردووشدا ئەو رووفاتانەی گەڕێندراونەتەوە، پشکنینی DNAیان بۆکراوە، بەڵام پرۆسەکە بەخاوی بەڕێوەدەچێت، تاوەکو ئێستا کەمتر لە دوو هەزار رووفات گەڕێندراوەتەوە هەرێمی کوردستان، چونکە هەڵدانەوەی گۆڕەکان و ناسینەوەی رووفاتەکان کاتی دەوێت، هەروەها لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ئاستەنگ بۆ کارەکانمان دروستدەکرێت، زەمینەش لەبار نەبووە بۆ ئەوەی تیمەکانی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان، کارەکانیان بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان جێبەجێ بکەن".
بەڕێوبەری مۆنۆمێنتی ئەنفال ئاماژەی بەوەشدا، کە بەشێک لە رووفاتەکان، بەڵگەنامەیان لەگەڵدا بووە، کە بەگوێرەی بەڵگەنامەکان بێت بەشێکیان خەڵکی چەمچەماڵن و ئەو کەسانەن کە لە قۆناخی چوارەمدا ئەنفالکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ