گالەری

 
رووداو دیجیتاڵ
 
جەژنی جەما یەکێکە لە جەژنەکانی کوردانی ئێزدی، ئەم جەژنە لە مانگی 10 دەستپێدەکات و ماوەی 7 رۆژ دەخایەنێت. چەندین رێوڕەسمی ئایینی کوردانی ئێزدی لەم جەژنەدا بەڕێوەدەچێت، کە پەیڕەوانی ئەو ئایینە بۆ ئەو جەژنە لە سەرتاسەری جیهانەوە روو لە پەرستگەی لالش دەکەن.
 
رێوڕەسمەکان بەسەر حەوت رۆژی هەفتەدا دابەشدەکرێن، رۆژی یەکەم رێوڕەسمی بەیتی ئێوارە و سەمایی ئایینی بەگوێرەی ئایینی ئێزدی بەڕێوەدەچێت.
 
رۆژی دووەم تەوافی تەواوی مەزارەکانی پەرستگەی لالش بە راکردن بەڕێوەدەچێت. رۆژی سێیەم و چوارەم ئەو رێوڕەسمانە دووبارە دەکرێنەوە. رۆژی پێنجەم رێوڕەسمی حەوت پەری بەڕێوەدەچێت؛ لەم رۆژەدا حەوت کچ وەکو حەوت پەری دەڕازێندرێنەوە بە جلی سپی، وەکو ئاماژەیەک بۆ حەوت فریشتەی ئاسمان.
 
رۆژی شەشەم، رێوڕەسمی "قەباغ" بەڕێوەدەچێت. لەو رێوڕەسمەدا گایەک سەردەبڕن وەکو قوربانی بۆ خوداوەندی رۆژ. گۆشتەکەی دەبێتە "زادێکی پیرۆز" و پێی دەڵێن "سمات."
 
رۆژی حەوتەم رێوڕەسمی "بەربەرسوارکردن" بەڕێوەدەچێت، بە مانای ئەوەی رێوڕەسمی جەژنەکە تەواو بووە.