ئاسایشی سلێمانی: حەوت چەکداری داعشمان دەستگیرکرد دووانیان ئەمیرن

06-05-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیادا حەوت چەکداری داعشیان لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەستگیر کردووە. دووان لەوان پلەی ئەمیریان هەیە.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، دەستگیرکردنی ئەو چەکدارانەی داعش لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگریی ورد و چاودێریی بەردەوامی هێزەکانیان بووە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، توانرا لە دوو ئۆپەراسیۆنی سەرکەوتوودا لە 20ـی نیسان و 3ـی ئایار، حەوت تیرۆریستی داعش، کە دووانیان پلەی ئەمیریان هەیە، لە شارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەستگیر بکەن."
 
ئاسایشی سلێمانی دەڵێت: "ئەوانە بەشێوەی نایاسایی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانیان بەزاندبوو بەمەبەستی گەیشتن بە شارەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق"، بەبێ ئەوەی ئەو وڵاتە ئاشکرا بکات کە لێیەوە هاتوون.
 
 
ئاسایشی سلێمانی ئەوەشی روونکردووەتەوە، "دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی وردی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایش و بەدەستگەیشتنی زانیاریی پشتڕاستکراوی هاوپەیمانان و هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هەڵگرتنەوەی پەنچەمۆری دەستگیرکراوان، دەرکەوت سەرجەمیان لە چەندین کردەوەی تیرۆریستی بەشداربوون و دووان لە دەستگیرکراوان پلەی ئەمیریان هەبووە و یەکێک لە تیرۆریستان شارەزای بواری بۆمب بووە".
 
سەرجەم داواکراوان بە ماددەی 2ـی تیرۆر دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە. ئەمە بەپێی راگەیێندراوەکەی ئاسایشی سلێمانی.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە