شارەوانیی چەمچەماڵ: بێجگە لە داهاتی خۆمان، هیچ بودجەیەکمان نییە

06-04-2025
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی شارەوانیی چەمچەماڵ رایدەگەیێنێت، بۆ پڕۆژەکانیان تەنیا پشت بە 15٪‌ـی داهاتی شارەوانی و فرۆشتنی زەوی دەبەستن و هیچ بودجەیێکیان بۆ تەرخان ناکرێت. دەشڵێت، هیچ خانوویەکی بێ تاپۆ لە سنوورەکەیاندا نییە. 
 
ئارام نەجات، سەرۆکی شارەوانیی چەمچەماڵ میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، باسی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی شارەکەی کرد و گوتی، "ئێمە، بۆ پرۆژەکانمان دوو بودجەمان لەبەردەستە؛ 15٪‌ـی داهاتی شارەوانی و داهاتی فرۆشتنی زەوییە نایابەکان، ئەو دوو بودجەیە زۆر کەمن، بەڵام هیچ بودجەیەکی دیکەمان نییە بۆ پڕۆژەکانمان."
 
بە گوتەی سەرۆکی شارەوانی؛ لە چەند ساڵی رابردوودا نزیکەی 26 پڕۆژەی جۆراوجۆر لە بوارەکانی ئاوەڕۆ، قیرتاو، کۆنکرێت و دروستکردنی باخچە جێبەجێکراون، بەڵام دەڵێت، "لەئاست خواستی ئێمە و پێداویستییەکانی خەڵک و شارەکەشدا نین".
 
ئارام نەجات ئاماژەی بەوەدا لە دوو، سێ ساڵی رابردوودا گرنگییان بە گەڕەکە کۆنەکانی شار داوە، لەوانە کۆنکرێتکردنی کۆڵانەکانی گەڕەکی پوورەگوڵە کە گەڕەکێکی گەورە و کۆنی شارەکەیە، هەروەها قیرتاوکردنی بەشێکی شەقامەکانی گەڕەکی راپەڕین، نۆژەنکردنەوەی شەقامە سەرەکییەکانی نێو شار و قیرتاوکردنی بەردەم نەخۆشخانەی جەمالی حاجی عەلی، لەگەڵ دروستکردنی چەند باخچەیەک.
 
بەپێی قسەکانی سەرۆکی شارەوانی، بەهای ئەو پڕۆژانەی لەسەر داهاتی شارەوانی جێبەجێکراون، نزیکەی ملیار و نیوێک دینار بووە.
 
ئارام نەجات دەڵێت، جگە لە بودجەی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک، هیچ بودجەیەک بۆ سنووری چەمچەماڵ تەرخان نەکراوە. گوتیشی، "پار، گرێبەستی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاکی 12 شارەوانی لە سنووری چەمچەماڵ بۆ ماوەی سێ ساڵ واژۆکراوە، کە رۆژانە نزیکەی 300 تۆن زبڵ و خاشاکە."
 
لەبارەی کارگەی ریسایکڵینی زبڵ و خاشاک لە سنوورەکە، سەرۆکی شارەوانیی چەمچەماڵ گوتی، لە ساڵی 2019 بەردی بناخەی کارگەیەکی ریسایکڵین لەنێوان تەکیە و چەمچەماڵ دانراوە، کە توانای ریسایکڵکردنی 500 تۆن زبڵ و خاشاکی هەیە لە رۆژێکدا، کارگەکە بۆ 22 شارەوانیی سنووری چەمچەماڵ و دووکان تەرخانکراوە. تێچووی پڕۆژەکە 13 ملیار دینار بووە لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی، هەرچەندە نزیکەی 55٪‌ـی کارەکانی تەواوکراوە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە کۆمپانیاکە کارەکانی راگرتووە.
 
لەبارەی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ گەڕەکەکانی چەمچەماڵ، سەرۆکی شارەوانی گوتی "لەکۆی 19 گەڕەک لە چەمچەماڵ، 15ـیان خزمەتگوزارییان بۆ کراوە. چوار گەڕەکیان لەدوای 2012ـوە دروستبوون، دوو لەو گەڕەکانە (ئاسوودە و مامۆستایان) هەندێک پڕۆژەیان بۆ کراوە".
 
ئارام نەجات باسی لەوەش کرد؛ سێ پڕۆژەیان هەن، کە بەهۆی قەیرانی داراییەوە لەدوای 2014ـوە راگیراون، یەکێکیان لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانە، دوو پڕۆژەکەی دیکەش دروستکردنی تۆڕی ئاوەڕۆ و قیرتاوی گەڕەکەکانی ئاسوودە و مامۆستایانن.
 
بەگوتەی ئارام نەجات، سەرۆکی شارەوانیی چەمچەماڵ، هیچ خانوویێکی بێ تاپۆ لە سنووری چەمچەماڵ نییە و هەموویان تاپۆ و تۆمارکراون. 
 
سەبارەت بە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، سەرۆکی شارەوانیی چەمچەماڵ گوتی، "دوو هەزار دۆنم زەویمان تەرخانکردووە، ئەگەر گرفتی دارایی دروست نەبێت و بتوانین نەخشەی کەرتی بۆ بکەین، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ ئامادە دەبێت بۆ دابەشکردن".
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

مەسرور بارزانی: دەبێت حکومەتی عێراق کەسوکاری ئەنفال لەڕووی ماددی و مەعنەوی قەرەبوو بکاتەوە

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پێویستە بەغدا "کەسوکار و بنەماڵە و هەموو زیانلێکەوتووانی جێنۆسایدی ئەنفال و هەموو ستەملێکراوانی دیکەی دەستی رژێمی بەعس، لەڕووی ماددی و مەعنەوییەوە قەرەبوو بکاتەوە".