پەروەردەی سلێمانی و یەکێتی مامۆستایان لەسەر پشووی مامۆستایان ناكۆكن

06-04-2016
لیزان ئەمین
...
...
نیشانەکردن پەروەردەی سلێمانی مامۆستایان
A+ A-

رووداو - سلێمانی 

سەرەڕای بایكۆتی ئەمساڵی مامۆستایان و دواكەوتنی دەوام، بەڵام بەهۆی دواكەوتنی مووچەكانیان، یەکێتی مامۆستایان سێ رۆژ بۆ مامۆستایانی سلێمانی دەکاتە پشوو، پەروەردەش ئەو بڕیارە رەتدەكاتەوە.

لەدوای بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن لەلایەن مامۆستایانەوە، لقی سلێمانی یەكێتی مامۆستایان داوای لە مامۆستایان كرد بگەڕێنەوە هۆڵەكانی خوێندن، بەگەڕانەواشیان بە رۆژی هەینییەوە، سێ‌ رۆژیان بۆ دەكەن بەپشوو، بەڵام پەروەردەی سلێمانی ئەو پشووە رەتدەكاتەوە و بەكارێكی نایاسایی دەزانێت.

دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی رایگەیاند "قوتابیان لە خوێندن دواكەوتوون، بۆیە ناكرێت‌ دەوام لەوە كەمتر بكرێتەوە".

گوتیشی "هەموو لایەكم ئاگادار كردووەتەوە لە ئەم پێنجشەمەیەوە بەسەر قوتابخانەكاندا دەگەڕێین، تاوەكو بزانین كێ‌ دەوام ناكات، چونكە بەڕاستی خەریكە دامودەزگاكان دەشێوێن".

یەكێتی مامۆستایان زیادكردنی رۆژەكانی پشوو لەناوەندەكانی خوێندندا دەگێڕنەوە بۆ هاوكاریكردنی مامۆستایان، تاوەكو سیستمی پاشەكەوتكردنی مووچە قورسایی زیاتر لەسەر بژێوی ئەو توێژە دروست نەكات. سزاش، لەم بارودۆخەدابە رێكارێكی گونجاو نازانن.

دڵشاد رەزا، سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی مامۆستایان دەڵێت "مامۆستایان ماوەیەكی زۆر بێ‌ مووچە دەوانیان كردووە، بۆیە پێویستە سوپاسیان بۆ بنێردرێت لەجیاتی سزا".

بەشێك لەمامۆستایان سێ‌ رۆژی پشووی هەفتە بەدەرفەتێكی باش دەزانن، بۆ ئەوەی لەدوای راپەڕاندنی ئەركەكانیان بتوانن بۆ دابینكردنی بژێوی ژیانیان، كارێكی دیكە بكەن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە