رووداو- بەردەڕەش
كەسوكاری ئەو دوو قوتابییە كوردەی چووبوونە نێو چەكدارانی داعش، ئێستا لە توركیان و مامی یەكێك لەو دوو قوتابییە داوا دەكات رێگە بە دایك و باوكیان بدرێ بگەڕێنەوە كوردستان.
ساڵی رابردوو دوو قوتابی زانكۆی دهۆك بە ناوەكانی عومەر عەبدولجەبار و دیار فایەق، لە ناكاو دیارنەمان. هەر ئەوكات گومان كرا كە پەیوەندییان بە داعشەوە كردبێ، بەڵام دواتر ئەو گومانە بووە راستی كاتێك عومەر عەبدولجەبار لە دوای هێرشێكی داعش بۆ سەر كەركووك بە دەستی پێشمەرگە كوژرا و وێنەكەی بە كوژراوی بڵاوكرایەوە، بەڵام چارەنووسی دیار تاوەكو ئێستاش نادیارە.
دوای ئەوەی زانرا ئەو دوو قوتابییە چوونەتە نێو داعش، ئاسایشی بەردەڕەش كەسوكاری هەردووكیانی لە بەردەڕەش دەركرد. سەرچاوەیەك لە ئاسایشی بەردەڕەش بە (رووداو)ی گوت، كاتی خۆی كەسوكاری ئەو دوو قوتابییە كوردەی نێو داعش سەرپشك كران لەوەی دەچنە كام شوێنی دەرەوەی سنووری هەرێمی كوردستان، ئەوان لەلایەن ئاسایشەوە تا دوا خاڵی سنووری نێوان پێشمەرگە و داعش بەڕێكران لە سنووری پارێزگای كەركووكەوە".
مەهدی حەسەن، مامی گەورەی عومەر عەبدولجەبار بە (رووداو)ی گوت "ئێمە بەهیچ شێوەیەك ئاگاداری ئەوە نەبووین كە عومەر چووەتە نێو داعش و لەگەڵ ئەو كارەش نین، پێشتر لە ترسی تیرۆریستان لە مووسڵ هەڵاتین و هاتینە قەزای بەردەڕەش، جا چۆن رێگا بە كوڕێكمان دەدەین بچێتە نێو داعش".
مەهدی لەبارەی چارەنووسی دایك و باوكی عومەر گوتی "كاتێك وێنەی عومەر بە كوژراوی بڵاوكرایەوە، ئاسایش بڕیاری دا دایك و باوك و خوشك و برای عومەر و دیار لە بەردەڕەش دەربكات، بەڵام براكەم نەچووە ژێر دەسەڵاتی داعش، لەگەڵ دایك و باوكی فایەق كە ئەوانیش خزمی خۆمانن، چوونە بەغدا. ماوەیەك لەوێ لە هۆتیل مانەوە، دواتر پارەمان بۆ ناردن و ڤیزامان بۆ وەرگرتن و بە فڕۆكە چوونە توركیا".
مەهدی باسی ژیانی ئەو دوو خێزانەی كرد لە توركیا و گوتی "ئێستا لە توركیا لە بارودۆخێكی خراپدا دەژین، لە خانووی كرێدا نیشتەجێن، ئێمە مانگانە پارەیان بۆ دەنێرین".
مەهدی دەڵێت ئەو دوو خێزانە ئامادەن بگەڕێنەوە كوردستان ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان رێگەیان بدات. مەهدی داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات بڕیارێك دەربكات بۆ گەڕانەوەی ئەو دوو خێزانە "چونكە ئەوان هیچ تاوانێكیان نییە و ئاگاداری ئەوە نەبوون كە كوڕەكەیان چووەتە نێو داعش. ئەگەر براكەم مەیلی داعشی هەبووایە نەدەچووە بەغدا و توركیا، بەڵكو دەچووە شاری مووسڵ و لەوێ داعش یارمەتیشی دەدان، بەڵام براكەم حەزدەكات بگەڕێتەوە هەرێمی كوردستان".
بەپێی بەدواداچوونی (رووداو)، تاوەكو ئێستا 7 كەسی دانیشتووی قەزای بەردەڕەش چوونەتە ریزەكانی داعش، لەوانەش چواریان لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگە و بۆردومانی فڕۆكەكانی هاوپەیمانانەوە كوژراون و ئەوانی دیكەش هیچ هەواڵێكیان نییە.



