دەستەی داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵکی هەورامان: داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکرێن هاتووچۆی بازرگانی دادەخەین

06-03-2023
دانا عومەر
هەڵاڵە شەوکەت لهۆنی، ئەندامی دەستەی داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵکی هەورامان. وێنە: رووداو
هەڵاڵە شەوکەت لهۆنی، ئەندامی دەستەی داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵکی هەورامان. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی دەستەی داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵکی هەورامان رایگەیاند، کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسان بەردەوامە بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خەڵکی هەورامان، ئەگەر داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێن رێگەی هاتووچۆی بازرگانی لە دەروازەی سنووریی شوشمێ دادەخەن.
 
هەڵاڵە شەوکەت لهۆنی، ئەندامی دەستەی داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵکی هەورامان رۆژی دووشەممە 06-03-2023 لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژ، کە هەوراز گوڵپی و نالین حەسەن پێشکێشیان کرد، باسی لە کێشەکانی خەڵکی هەورامان کرد.
 
بە گوتەی هەڵاڵە شەوکەت، وەکو دەستەی داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵکی هەورامان، گوندەکانی هەورامان گەڕاون و قسەیان لەگەڵ خەڵک کردووە بۆئەوەی داواکارییەکانیان ئاراستەی بەرپرسان بکەن، وەکو ئەو دەڵێت، خەڵکی هەورامان کێشەی نەبوون و خراپیی رێگەکان و کەمیی قوتابخانە و نەخۆشخانەیان هەیە، گوند هەیە تۆڕی ئاوی هەیە و ئاوی نییە، پێویستی بە لێدانی بیرە، گوندیش هەیە ئاوی هەیە و تۆڕی ئاوی نییە.
 
ئەو ئەندامەی دەستەی داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵکی هەورامان نموونەی گوندی ئەحمەد ئاوا دەهێنێتەوە کە زیاتر لە 200 ماڵی تێدایە و نزیکە لە سەرچاوەی ئاوی زەڵمەوە، کە سەرچاوەی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەیە بۆ شاری هەڵەبجە، بەڵام خۆی بێ ئاوە.
 
یەکێک لە داواکارییەکانی خەڵکی هەورامان دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی رێگەکانە، هەڵاڵە شەوکەت لهۆنی دەڵێت، "نۆژەنکردنەوەی رێگەی سەرەکیی هەورامان کە لە گوندی گردی گۆوە دەستپێدەکات تاوەکو سەیرانگەی ئاوێسەر پێویستی بە یەک ملیار دینارە". ئاماژەی بەوەش کرد، گوند هەیە پێویستی بە یەک کیلۆمەتر رێگەیە بۆی دروست نەکراوە و بەشێک لە خەڵکەکەی چۆڵیان کردووە.
 
ئەندامەکەی دەستەی داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵکی هەورامان دەڵێت، لەگەڵ وەزیری ئاوەدانکردنەوە کۆبوونەتەوە و پێی گوتوون بڕیاری جێبەجێکردنی بەشێک لە پرۆژەکانی سنووری هەورامان دراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی پارە لە بانکەکانی سلێمانی نییە، هیچ بەڵێندەرێک ئامادە نییە پرۆژەکان وەربگرێت، دەترسن لەوەی پارەیان پێ نەدرێت یاخود پێدانی پارەکانیان دوابکەوێت.
 
لە سنووری هەورامان، بە گوتەی هەڵاڵە شەوکەت، شەش گوند چۆڵ کراون، بەهۆی ئەوەی نەخۆشخانە و قوتابخانەیان تێدا نییە، "گوندەکانی هەورامان نزیکن لە یەکەوە، ئەگەر بە دوو گوند قوتابخانەیەکی تێدا بکرێتەوە ئەوا کێشەکەیان چارەسەر دەبێت."
 
سەبارەت بە کێشەی نەبوونی نەخۆشخانەش باسی لەوە کرد، "ئەگەر نەخۆشخانەی بیارە کە ساڵانێکە تەواو کراوە و کارمەندی بۆ دانەمەزراوە، بکرێتەوە و چەند ئۆتۆمبێلێکی فریاکەوتنی بۆ تەرخان بکرێت، هەموو کێشەکانی سنووری هەورامان چارەسەر دەبن". ئەوەشی خستەڕوو، "ئەگەر کێشەکان چارەسەر نەکرێن ئەوا رێگەی هاتووچۆی بازرگانی لە دەروازەی سنووریی شوشمێ دادەخەین."
 
لە 17-02-2023 ژمارەیەكی چالاكڤان و رۆژنامەڤان و چەند رێکخراوێک دەستەیەکیان بەناوی دەستەی داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵکی هەورامان دامەزراندووە، ئەندامانی ئەم دەستەیە گوند بە گوند گەڕان و لەگەڵ خەڵکی هەورامان کۆبوونەوە و گوێیان لە خەڵک گرت، دواتر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا لە 25-02-2023 لە ناحیە بیارە داواکاریی خەڵکیان خستەڕوو، ماوەی هەفتەیەکیان دایە حکومەت بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان و بەرپرسانیش لەگەڵیان کۆبوونەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تیمێکی سەرژمێری لە هەولێر هاونیشتمانییان تۆمار دەکەن. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

لیژنەی سەرژمێری: پێش کاژێر 12:00ـی شەو پەیوەندی بکەن

سەرۆکی کەرتی راگەیاندنی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەوانەی تاوەکو ئێستا تۆمارنەکراون، پێویستە بە "زووترین" کات لە رێگەی هێڵی گەرمی 567ـەوە پەیوەندییان پێوە بکەن. بەڕێوەبەرایەتیی ئاماری پارێزگای دهۆکیش باس لەوە دەکات، لە بەشێکی پارێزگاکە و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش سەرژمێری درەنگ دەستیپێکردووە و تەواونەبووە.