رووداو دیجیتاڵ
بوومەلەرزەیەکی بەهێزی وێرانکەر لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان، هەروەها تورکیا و سووریا ئەمڕۆ بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە دوو هەزار کەس و رووخانی هەزاران خانوو و باڵەخانە، هەرچەندە لە هەرێمی کوردستانیش هەست بە بوومەلەرزەکە کرا، بەڵام دڵنیایی دەدرێت لەوەی هەرێمی کوردستان لەڕووی جیۆفیزیکییەوە دوورە لە بوومەلەرزەی هاوشێوە.
د. بەختیار قادر، پرۆفیسۆر لە بواری جیۆفیزیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێش روودانی هەر بوومەلەرزەیەک و دوای روودانی، بوومەلەرزەی بچووک روودەدەن کە پێیان دەگوترێت پێشلەرزە و پاشلەرزە. "لە راستیدا پێشلەرزەکان زۆر زۆرن، رۆژانە بە هەزاران دەبن، بۆیە زۆرجار هەرچەندە لە ئامێرەکانی دەستنیشانکردنی بوومەلەرزەوە هەستیان پێدەکرێت، بەڵام حساب ناکرێن."
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 6-2-2023 بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 پلەی رێختەر لە باکووری کوردستان روویدا کە رۆژئاوای کوردستان، تورکیا و سووریاشی هەژاند. ئەو بوومەلەرزە بەهێزە بە بوومەلەرزەی وێرانکەر ناودەبرێت، کە بەهۆیەوە تائێستا زیاتر لە دوو هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزارانی دیکەش بریندار بوون.
کاتژمێر 04:22ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.7 پلەی رێختەر هەستی پێکرا، بەهەمان شێوە دوانیوەڕۆ لە شارەکانی هەرێمی کوردستان هەست بە بوومەلەرزە کرا، ئەوەش تاڕادەیەک ترسی لای هاونیشتمانییان دروست کر، بەڵام د. بەختیار بەپێی زانستی جیۆفیزیکی، هاووڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە لەوەی هەرێمی کوردستان لە روودانی بوومەلەرزەی بەهێزی وێرانکەر دوورە.
د. بەختیار قادر، پرۆفیسۆر لە بواری جیۆفیزیا جەخت دەکاتەوە لەوەی کە "لە هەرێمی کوردستان لە 100 ساڵی رابردوودا بوومەلەرزە نەگەیشتووەتە 5.5 پلەی رێختەر، لەبەرئەوە ئەو پاشلەرزانەش کە ئێستا روودەدەن، لەو بڕوایەدام لە چوار بۆ 4.5 پلەی رێختەر بن و بوومەلەرزەی لەوە بەهێزتر روونەدات. واتا هەستیان پێدەکرێت، بەڵام زەرەر و زیانیان نابێت، تەنانەت لەوانەیە زۆر کەس هەر هەستی پێنەکات."
د. بەختیار ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو پاشلەرزانەی روودەدەن، لە ناوچەیەکی فراوانی دەوروبەری چەقی بوومەلەرزەکە هەستیان پێدەکرێت، "وەک ئەوەی لە هەرێمی کوردستان هەستمان پێکرد، بەڵام ئەو پاشلەرزانە هەرگیز لە بوومەلەرزە بەهێزەکە بەهێزتر نابن."



