رووداو دیجیتاڵ
دیمەنێکی سەرنجڕاکێشی شەشەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی، منداڵانن کە بە دەستە بچووکەکانیان کتێبیان هەڵگرتووە و خەریکی خوێندنەوە یان سەیرکردنی وێنەکانی نێو کتێبەکانن.
200 وەشانخانە لە 12 وڵاتی جیاوازەوە بەشدارن لە شەشەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی.
بەشێکی سەردانکەرانی پێشانگەکە؛ دایک و باوکانن لەگەڵ منداڵەکانیان، کە ئامانجیانە منداڵەکانیان لە بچوکییەوە ئاشنای کولتووری کتێبخوێندنەوە بکەن.
کاروان مستەفا، پیاوێکە کە لەگەڵ سێ منداڵی هاتووەتە پێشانگەکە، بە رووداوی گوت "پێشانگەی کتێب پێش هەمووان سوودی بۆ منداڵان هەیە، چونکە لەم تەمەنە بچووکەدا زوو شتەکان وەردەگرن و لە پاشەڕۆژدا کەسانی زیرەکتر و بەتواناتریان لێ دەردەچێت."
لە پێشانگەکەدا کە رۆژی هەینی (28ـی تشرینی دووەمی 2024) بە رووی خوێنەراندا کرایەوە و تاوەکو 11 رۆژ بەردەوام دەبێت، 9 ملیۆن کتێب بە 40 هەزار ناونیشانی جیاوازەوە خراونەتە بەردەستی خوێنەران.
باوکەکە داوا لە دایک و باوکان دەکات، منداڵەکانیان ببەنە پێشانگەکانی کتێب بۆ ئەوەی، "بە کتێبی جیاواز و کەشوهەوای پێشانگە ئاشنا بن و بەرهەمی جیاواز بخوێننەوە."