گالەری

دوێنێ کاژێر 03:10
13 Photos
بڵند تاهیر
بڵند تاهیر @Bilindtahir
رووداو دیجیتاڵ 

لە هەولێر لەڕێگەی گازی بێهۆشکەر کە بۆ مرۆڤ بەکاردێت، پشیلەی بێلانە بێهۆش دەکرێن و لەڕێگەی رێکخراوی وۆر پۆوس دەخەسێنرێن.
 
ئۆیانە ئەسموڵس، سەرپەرشتیاری گشتیی رێکخراوی وۆر پۆوسی جیهانی بە رووداوی گوت "ئێمە خۆبەخشانە پشیلە دەخەسێنین، کە تێچووی خەساندنی هەریەکێکیان 35 دۆلارە."
 
هەموو پشیلەیەکی بێلانە بەر ئەو پرۆسەیە ناکەوێت، وەک ئۆیانە دەڵێ "تەنیا ئەو پشیلانەی حاڵەتیان تایبەتە، لەرێگەی ئاژەڵدۆستانەوە دەهێنرێن و لای ئێمە دەخەسێنرێن، لە سەرەتای ساڵی 2024ـیشەوە تائێستا 24 پشیلەمان خەساندووە."
 
خەساندن واتا نەزۆککردن، کە بۆ رێگری لە زیادبوونی ژمارەی ئاژەڵە ماڵییەکان پەیڕەو دەکرێت.
 
پشیلە بەگشتی بە ئاژەڵێکی ماڵیی بێ کێشە دادەنرێت، بەهۆی ئەوەی گاز لە مرۆڤ ناگرێت و خەڵک ئازار نادەن. بەپێی ئایینی ئیسلامیش کە زۆربەی خەڵکی هەرێمی کوردستان موسڵمانن، پشیلە وەک ئاژەڵێکی پاک سەیر دەکرێت، بۆیە کەمتر ئازاردەدرێن بەراورد بە سەگ.
 
ئۆیانە ئەسموڵس پێشنیاز دەکات حکومەت رێگە لە هاوردەکردنی پشیلە لە دەرەوە بگرێت و لەبری ئەوە، "فرۆشیارەکانی ئاژەڵ بێچووە پشیلە بخەسێنن و بیفرۆشن، چونکە بێچووی پشیلە زوو خۆی لەگەڵ خاوەنەکەی دەگونجێنێت." 
  
گوتەکانی سەرپەرشتیاری گشتیی رێکخراوی وۆر پۆوس لەکاتێکدایە، مێیەی پشیلە لە تەمەنی 4 مانگیدا پێدەگات و لەگەڵ نێرەکان جووت دەبن، ساڵانەش دەکرێت تاوەکو پێنج جار ئاوس ببێت و لە هەر جارێکی دووگیانیشدا لەنێوان یەک بۆ نۆ بێچووی دەبێت.