گالەری

رووداو دیجیتاڵ

لە شاری هەولێر، کاتێدراڵی پاتریارکی نوێی رۆژهەڵاتی ئاشوورییەکان ئەمڕۆ (شەممە، 5-8-2023) بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرایەوە. کاتێدراڵەکە لە بەرامبەر مزگەوتێک دروستکراوە و بەیەکەوەژیانی ئایینی لە هەرێمی کوردستان نیشاندەدات.
 
نێچیرڤان بارزانی لە رێوڕەسمی کردنەوەی کاتێدراڵەکە رایگەیاند، "فرەپێکهاتەیی و فرەئایینی هەرێمی کوردستانیان بەهێز کردووە." گوتیشی "لە کوردستان پێکەوەژیانی ئاشتییانە بووەتە کولتوورێکی بەهێز کە هیچ رژێم و هێزێک بە هەموو پیلانەکانیانەوە نەیانتوانیوە تێکی بدەن. پێکەوەژیان بنەمایەکی قووڵی باوەڕی هەموو کوردستانیيانه‌، ئینجا سەر بە هەر نەتەوه‌يه‌ك و سه‌ر به‌ هه‌ر ئایینێک بن". 
 
هەروەها مار ئاوای سێیەم، پاتریارکی کەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشووری لە عێراق و جیهان رایگەیاند، بە پشتیوانیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەشێکی دیکەی ئەم کاتێدراڵە کرایەوە و، "لەم سۆنگەوە بە ناوی خۆم و گشت رۆڵەکانی کەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشووری زۆر سوپاسی جەنابیان دەکەین. سوپاسیان دەکەین بۆ دیدگە فراوانەکەیان کە بە چاوێکی برایانە نەک تەنیا هەرێمی کوردستان دەبینێت، بەڵکو ئەم پێکهاتانەش کە بە ژمارە کەمن بەڵام گرنگن و مێژووی گرنگیان هەیە وەکو نەتەوەی ئاشووری."