رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاسا لە دادگەی باڵای فیدڕاڵیی عێراق سکاڵایەکی تۆمارکرد، بەپێی ناوەڕۆکەکەی داوای هەڵوەشاندنەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات، پاساوەکەشی ئەوەیە پابەندی بڕیارێکی دادگەی باڵای فیدڕاڵی نابێت. سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بە هۆکاری جێبەجێنەکردنی بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدڕاڵی دەزانێت و دەڵێت دەبێت حیزبەکەیان بەپێی دەستوور و یاسای حیزبەکانی عێراق دووربخرێتەوە و هەڵبوەشێتەوە.
سکاڵاکە لەلایەن عالیە نسەیف جاسم، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تۆمارکراوە.
محەممەد مەجید ساعدی، پارێزەری پەرلەمانتارەکە رایگەیاند: "بەرێز عالیە نسەیف جاسم لە داواکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە کە ماددەی 94ی دەستووری عێراق هەمووان پابەند دەکات بەوەی پابەندی بڕیارەکانی دادگەی باڵای فیدڕاڵی بن، بەڵام سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە هەردووکیان لە پارتی دیموکراتی کوردستانن و رەتیانکردووەتەوە بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدڕاڵی تایبەت بە گرێبەستەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان و پووچەڵکردنەوەی یاسای نەوت و گاز جێبەجێبکەن، ئەوەش پێچەوانەی دەستوورە."
پارێزەری پەرلەمانتارەکەی دەوڵەتی یاسا هەروەها دەڵێت: "لە سکاڵاکە عالیە نسەیف پارتی دیموکراتی کوردستانی بە هۆکاری جێبەجێنەکردنی بڕیارەکەی دادگەی باڵای تۆمەتبارکردووە و داوای دوورخستنەوە و هەڵوەشاندنەوەی دەکات. هەروەها داوا دەکات بەربژێرەکانی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار و پۆستەکانی دیکەی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردنی رەتبکرێنەوە."
بەپێی سکاڵانامەکە کە پارێزەری دۆسییەکە بۆ رووداوی ناردووە دەردەکەوێت، عالیە نسەیف جاسم، پارتی دیموکراتی کوردستانی بە "یاخی" ناوهێناوە و ئاماژەی بۆ یاسای حیزبەکانی عێراقی ساڵی 2015 کردووە و تێیدا باسی لەوەکردووە ماددەی پێنجی ئەو یاسایە دەڵێت نابێت لە دامەزرێنەرانی حیزب و رێکخستنی سیاسی یان سەرکردەکانی یان ئەندامانی بە راشکاویی و ئاشکرا هیچ رەواجێک بەو بۆچوونانە بدەن، کە لەگەڵ حوکمەکانی دەستوور دژ بێت.
هاوکات بەپێی پارێزەری کەیسەکە، ماددەی 24ی یاسای حیزبەکان کە لەسکاڵانامەکە ئاماژەی بۆ کراوە، باس لەوەدەکات کە دەبێت حیزب و رێکخستنی سیاسیی رێز لە سەروەرەیی یاسا بگرن و پابەندی دەستوور بن.
پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی 1946 دامەزراوە، لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە لە 10-10-2021 کرا، 31 کورسی بەدەستهێنا.
رۆژی 15ـى شوباتى 2022، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق یاسای نەوت و گازى هەرێمى کوردستانى بەپێچەوانەى دەستوور دانا، کە لە ساڵى 2007 لەلایەن پەرلەمانى کوردستانەوە دەرکراوە.
هەروەها دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق بڕیاریدا بە ناچارکردنى هەرێمى کوردستان بە رادەستکردنى بەرهەمى نەوتەکەى بە حکومەتى فیدراڵى.
دوای بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدڕاڵی وەزارەتی نەوتی عێراق چەند رێککارێکی لەدژی هەرێمی کوردستان گرتووەتەبەر لەنێویاندا نامە ناردن بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان ئەوانەی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، کە لەشێوەی هەڕەشەدا دەردەکەوێت.
ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى هەرێمى کوردستان، رۆژی 30ـى ئایارى 2022، راگەیێندراوێکى لەبارەى بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵى سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەى یاساى نەوت و گازى هەرێمى کوردستان بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتبوو "مامەڵەى حکومەتى هەرێمى کوردستانى تایبەت بە دۆسیەی نەوت و پرۆسەکانى نەوت لەگەڵ دەستوورى عێراق و یاساى نەوت و گازى پەرلەمانى کوردستاندا دێنەوە و پێویستە کارکردن بەو یاسایە بەردەوام بێت."
ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى ئەوەی خستووەتەڕوو، بەگوێرەى ماددەى 112ـى دەستوورى عێراق حکومەتى فیدراڵى لەگەڵ حکومەتى هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانى بەرهەمهێنەرى نەوت ئیدارەى پرۆسەى نەوت و گاز دەکات لە کێڵگەکانى "ئێستا" و بەو پێیەش ئەو کێڵگە نەوتییانەى کە لەپاش ساڵى 2005 دۆزراونەتەوە لە هەرێمى کوردستان دەچنە چوارچێوەى دەسەڵاتى تایبەتى هەرێمى کوردستانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ